×


کوردی      English
تۆڕی میدیایی ئێستا
تۆڕی میدیایی ئێستا

وەزارەتی نەوتی عێراق: هەناردەی نەوتی مانگی تەمموز بەراورد بە حوزەیران زیادیکردووە

2020-08-01
لێچوونی گازی ئاگراوی لە کێڵگەی نەوتی ڕومەیلە لە باشووری عێراق
فۆتۆ: ڕۆیتەرز
ئێستا
ئێستا
وەزارەتی نەوتی عێراق، ئەمڕۆ شەممە 1ی ئاب، ئاماری هەناردە و داهاتی نەوتی مانگی تەمموزی بڵاوکردەوە، ئەویش بە پشتبەستن بە ئامارە سەرەتاییەکانی هەناردەی کۆمپانیای سۆمۆی عێراق.

بەپێی ڕاگەیەنراوێکی وەزارەتی نەوت، کە لە ماڵپەڕی فەرمیی وەزارەتەکە بڵاوبووەتەوە، کۆی گشتیی هەناردەی نەوتی خاوی عێراق، 85 ملیۆن و 663 هەزار و 294 بەرمیل نەوت بووە.

لەبارەی ئەو بڕە پارەیەی لە بەرانبەردا وەرگیراوە و وەک داهاتی نەوتی دادەنرێت، لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بە سێ ملیار و 487 هەزار و 139 هەزار دۆلار کراوە.

بەپێی ڕاگەیەنراوەکە وتەبێژی فەرمیی وەزارەتەکە، عاسم جیهاد ژمارەی هەناردەکردنەکەی ڕوونکردنەووەتەوە و وتوویەتی، "سەرەڕای دابەزاندنی تێکڕای بەرهەمهێنان و هەناردەکردن وەک پابەندبوون بە ڕێککەوتنی ئۆپێک پڵەس، بەڵام داهاتی نەوتمان بەراورد بە مانگی ڕابردوو زیادیکردووە".

عاسم جیهاد ئاماژەی بەوەش کرد کە هەناردەی کێڵگەکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق لە مانگی تەمموزدا، "82 ملیۆن و 700 هەزار و 381" بەرمیل بووە، نەوتی کێڵگەکانی کەرکووکیش کە لەڕێی بەندەری جەیهانەوە هەناردەدەکرێن، "دوو ملیۆن و 701 هەزار و 15 بەرمیل" بووە، سەرەڕای هەناردەکردنی "261 هەزار و 894 بەرمیلی دیکەش بۆ ئوردن".

وتەبێژەکەی وەزارەتی نەوتی عێراق سەرنجی بۆ ئەوە ڕاکێشا، "تێكڕای هەناردەی ڕۆژانەی نەوت، دوو ملیۆن و 763 بەرمی بووە، تێكڕای هەناردەی بەندەرەکانی بەسرە، دوو ملیۆن و 668 و لە بەندەری جەیهانەوە 87 هەزار بەرمیل بووە، تێكڕای هەناردەی نەوتیش بۆ ئوردن لە ڕۆژێکدا 8 هەزار بەرمیل بووە".

وەزارەتی نەوت ئەوەشی ئاشكرا کردووە کە تێكڕای تێکڕای نرخی یەک بەرمیل نەوت لەو مانگەدا، 40.708 دۆلار بووە.



‌ئێستا