×


کوردی      English
تۆڕی میدیایی ئێستا
تۆڕی میدیایی ئێستا

کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق: ئامادەین لە وادەکەی سەرۆکوەزیراندا هەڵبژاردن ئەنجامبدەین

2020-08-01
هەڵبژاردنەکانی عێراق
فۆتۆ: فرانس پرێس
ئێستا - واع
ئێستا
کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ئەمڕۆ شەممە 1ی ئاب، ئامادەیی خۆی ڕاگەیاند بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە لەو وادەیەی سەرۆکوەزیران، مستەفا کازمی دەستنشانیکردبوو.

ئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕاگەیەنراوێکی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، "ئاگاداری وتەی سەرۆکوەزیران سەبارەت بە دەستنیشانکردنی وادەی هەڵبژاردنی پێشوەختە و لێدوانەکانی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران لەبارەی نزیککردنەوەی وادەکە بووین... کۆمسیۆنەکە ڕایدەگەیەنێت کە لەو وادەیەی سەرۆکوەزیران دەستنیشانی کردووە، ئامادە دەبین بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان".

کۆمسیۆنی چەند مەرجێکی بۆ ئامادەبوونی لەو وادەیەدا داناوە، کە سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی ڕایگەیاندبوو، مەرجەکانیش ئەمانەن:

1. ئەنجومەنی نوێنەران هەڵبستێت بە بە تەواوکردنی یاسای هەڵبژاردنەکان بە نزیکترین کات و لە ڕۆژنامەی فەرمیشدا بڵاویبکاتەوە، بەوپێیەی چوارچێوەی یاسایی پرۆسەی هەڵبژاردنەکانە.

2. ئەنجومەنی نوێنەران بڕیار لەسەر دەقێکی جێگرەوەی ماددەی 3ی بڕیاری 30ی ساڵی 2005 بدات، تاوەکو ڕێژەی یاسایی دادگای باڵای فیدراڵ تەواوببێت، کە تاکە لایەنی ڕاسپێردراوی یاساییە بۆ پەسەندکردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان.

3. حکومەت بودجەی هەڵبژاردن فەراهەمبکات و ئەو پێداویستییانەش دابینبکات کە کۆمسیۆن لە وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی داوا کردووە، بەوپێیەی پێداویستییەکان یارمەتی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان لە کاتی خۆیدا دەدەن.

4. کۆمسیۆن داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دەکات یارمەتیی بدەن، چاودێریی پێویستی هەڵبژاردنەکان بکەن تاوەکو ئازاد و پاک و بێگەرد بێت، بە شێوەیەک نوێنەرانیەتی ویستی ڕاستەقینەی گەلی عێراق بکات.

هەر ئەمڕۆ، سەرۆکی ئەنجومەنەکە، محەممەد حەلبووسی داوای دەستنیشانکردنی وادەیەکی نزیکتری بۆ هەڵبژاردنە پێشوەختەکان و کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی کرد، ئەویش دوای ئەوەی دوێنێ هەینی، مستەفا کازمی ڕۆژی 6ی حوزەیرانی ساڵی 2021ی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکە دیاریکرد.



‌ئێستا