×


کوردی      English
تۆڕی میدیایی ئێستا
تۆڕی میدیایی ئێستا

تەندروستیی سلێمانی 50 بوتڵ ئۆکسجینی ڕەوانەی نەخۆشخانەی کۆیە کرد

2020-08-01
بەرهەمهێنانی بوتڵی ئۆکسجین لە شاری سلێمانی
فۆتۆ: سەرتیپ عوسمان
ئێستا
ئێستا
بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی سلێمانی، ئەمڕۆ شەممە 1ی ئاب، 50 بوتڵ ئۆکسجینی ڕەوانەی نەخۆشخانەی کۆیە کرد، بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشەی کەمیی ئۆکسجین لە نەخۆشخانەکە و بەکارهێنانیان بۆ تووشبووانی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ.

بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی ئێستا، بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی کۆیە بەهۆی کێشەی کەمی ئۆکسجینەوە، داوای لە بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی سلێمانی کردووە، 50 بوتڵ ئۆکسجین ڕەوانەی نەخۆشخانەی کۆیە بکات، کە دەکەوێتە سنووری پارێزگای هەولێر.

بەڕێوەبەری کارگەی بەرهەمهێنانی ئۆکسجین لە سلێمانی، شۆڕش بەهجەت کابان بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، "بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی سلێمانی داوای کردووە 50 بوتڵ ئۆکسجین بۆ نەخۆشخانەی کۆیە بنێرین".

دوێنێ هەینی کە یەکەم ڕۆژی جەژنی قوربان بوو، وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان تووشبوونی 243 کەسی دیکەی بە پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێی ڕاگەیاند، کە لەو ژمارەیە 195 کەسیان لە سنووری پارێزگای هەولێرن، سەرەڕای گیانلەدەستدانی 13 تووشبووی کۆرۆنا.

بەپێی ئامارە فەرمییەکان، ژمارەی تووشبوون بە پەتاکە لە هەرێم نزیکبووەتەوە لە 14 هەزار حاڵەت، نۆ هەزار و 83 کەس چاکبوونەتەوە و 541 کەسیش بەهۆی ڤایرۆسەکەوە مردوون.




‌ئێستا