×


کوردی      English
تۆڕی میدیایی ئێستا
تۆڕی میدیایی ئێستا

ئێران: سەرۆکی گرووپێکی تیرۆریستیمان دەستگیرکردووە کە ناوەندی کارکردنی لە ئەمریکایە

2020-08-01
وێنەی جەمشید شارمەهد
فۆتۆ: .
ئێستا - ئیرنا
ئێستا
هێزی سەربازانی ئیمام خومەینیی سەر بە سوپای پاسداران، ئەمڕۆ شەممە 1ی ئاب، سەرۆکی گرووپێکی "تیرۆریستی"ـیان دەستگیرکرد، کە گوایە بارەگای کارکردنیان لە ئەمریکا بووە.

ئاژانسی ئیرنا ئاشکرای کرد سەربازانی ئیمام خومەینی لە ئۆپەراسیۆنێکی ئاڵۆزدا، سەرۆکی گروپی بروسکە، جەمشید شارمەهدیان دەستگیرکردووە، کە سەرپەرشتی کاری ئاژاوەگێڕی و چەکداریی لە ئێران کردووە.

بەپێی هەواڵێکی ئاژانسەکە، گرووپەکە لە ساڵی 2008، بۆمبێکیان لە حوسەینییەی سەیدول شوهەدا لە شیراز تەقاندووەتەوە، کە بووبووە هۆی کوژرانی 14 کەس و برینداربوونی 215 کەسی دیکە.

ئیرنا سەرنجی بۆ ئەوەش ڕاکێشاوە کە لە چەند ساڵی ڕابردوودا، چەندین کاری دیکەیان ئەنجامداوە، لەوانە تەقاندنەوەی بەنداوی سیڤەند لە شیراز، تەقاندنەوەی بۆمبی ژەهراوی لە پێشانگای کتێبی تاران و چەند بۆمبێکی دیکەش لە ئارامگەی ئیمام خومەینی.

لە مانگی تەمموزدا، چەندین تەقینەوە و ئاگرکەوتنەوە لە دامەزراوە ناووکییەکان و وێستگە کارەباییەکانی ئێران ڕوویاندا. ئاژانسە و ڕۆژنامە جیهانییەکانیش، بە پشتبەستن بە سەرچاوە هەواڵگرییەکان ئەوەیان خستەڕوو، دەزگا هەواڵگرییەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا لە پشت ڕووداوەکانن. هەر لەو ماوەیەشدا تاران چەندین هاوڵاتی بە تۆمەتی سیخوڕیکردن بۆ ئەم دەزگایانە، لەسێدارەداوە.



‌ئێستا