×


کوردی      English
تۆڕی میدیایی ئێستا
تۆڕی میدیایی ئێستا

دۆناڵد ترەمپ تیک تۆک قەدەغەدەکات و مایکرۆسۆفت هەوڵی کڕینەوەی دەدات

2020-08-01
ئەپلیکەیشنی تیک تۆک و کۆمپانیای بایت دانس
فۆتۆ: AA
ئێستا - فرانس پرێس + نیویۆرک تایمز
ئێستا
سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ، ئەمڕۆ شەممە 1ی ئاب، ڕایگەیاند فەرمانێک دەردەکات بۆ قەدەغەکردنی ئەپلیکەیشنی تیک تۆک لە ئەمریکا، بەوپێیەی خاوەنەکەی کۆمپانیای بایت دانسی چینییە و وەک هەڕەشە دەبینرێت بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی وڵاتەکە.

بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی فرانس پرێس، دۆناڵد ترەمپ لە میانەی گەڕانەوەی لە ویلایەتی فلۆریدا، بە ڕۆژنامەنووسانی وتووە، "تیک تۆک لە ئەمریکا قەدەغەدەکەین... فەرمانەکەشی بۆ واژوودەکەم".

سەرۆکە ئەمریکییەکە پێشتریش هۆشداری ئەوەی دابوو کە ڕێکاری توند و جیاواز لە بەرانبەر ئەپلیکەیشنە چینییەکە دەگرێتەبەر، لەنێویشیاندا قەدەغەکردنی لە وڵاتەکەی.

ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمزیش ئاشکرای کرد کە کۆمپانیای مایکرۆسۆفت لەگەڵ کۆمپانیای بایت دانسدا لە گفتوگۆدایە بۆ کڕینەوەی تۆڕی کۆمەڵایەتیی تیک تۆک، بەڵام هیچ وردەکارییەک لەبارەی قۆناغی گفتوگۆکان نەخراوەتەڕوو.

شایەنی باسە لە جیهاندا، نزیکەی 800 ملیۆن بەکارهێنەری تۆڕی کۆمەڵایەتیی تیک تۆک هەن، بانگەشەی ئەوەش دەکرێت کە ئەم تۆڕە کۆمەڵایەتییە زانیاریی بەکارهێنەرەکانی دەداتە حکومەتی چین. هەندێک لە چاودێرانیش پێیان وایە تیک تۆک هەڕەشەی لەسەر ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا دروست کردووە.



‌ئێستا