×


کوردی      English
تۆڕی میدیایی ئێستا
تۆڕی میدیایی ئێستا

باڵیۆزی ڕووسیا: هەوڵی ئەمریکا بۆ داماڵینی حزبوڵای لوبنانی لە چەک بێئەنجام دەبێت

2020-08-01
وێنەیەکی حەسەن نەسڕوڵا لە لوبنان
فۆتۆ: ڕۆیتەرز
ئێستا - مەیادین
ئێستا
باڵیۆزی ڕووسیا لە بەیرووت، ئەلێکساندەر زاسبکین، ئەمڕۆ شەممە 1ی ئاب، ڕەخنەی لە بڕیارەکانی ئەمریکا بۆ داماڵینی چەک لە حزبوڵا کرد و بە "بێئەنجام" وەسفیکرد.

ئەلێکساندەر زاسبکین لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ کەناڵی مەیادین ئاماژەی بەوە کرد کە ئەمریکییەکان دەیانەوێت ڕێکخراوی حزبوڵا لە چەک دابماڵن، "بەڵام ئەمە هیچ ئەنجامێکی نابێت و ڕەنگە مەترسیی ئەمنیش دروستبکات، چونکە دنەی حزبوڵا دەدات و کێشەی ناوخۆیی دەنێتەوە".

باڵیۆزەکە سەرنجی بۆ ئەوە ڕاکێشا، "ئەگەرێکی گەورەی جەنگ لەگەڵ ئیسرائیل لەئارادا نییە... خاڵی لەپێشینە لە ناوچەکە دۆزینەوەی چارەسەرە بۆ ململانێکان لە سووریا و لیبیا و یەمەن و هەروەها چاودێریکردنی بارودۆخی لوبنانە".

دوای ناساندنی ڕێکخراوی حزبوڵای لوبنان بە تیرۆریست لەلایەن ئەڵمانیاوە، فشارەکان لەسەر یەکێتیی ئەورووپان تاوەکو ڕێکخراوەکە بە تیرۆریست بناسێنێت، ئەگەرچی باڵە سەربازییەکەی لە لیستی تیرۆری یەکێتییەکەدایە. لە ئێستادا، هەر یەکە لە ئەمریکا، بەریتانیا، ئەڵمانیا و ئیسرائیل ڕێکخراوەکەیان بە تیرۆریست ناساندووە.

لە ماوەی چەند هەفتەی ڕابردوودا، گرژییەکانی سەر سنووری ئیسرائیل و لوبنان هەڵكشاون، بە شێوەیەک پاش کوژرانی ئەندامێکی حزبوڵا لە سووریا لەلایەن ئیسرائیلەوە، تەقە و پێکدادان لە ناوچە سنوورییەکان دەستیان پێکردووە، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانیی ئیسرائیلیش خراوەتەخوارەوە.

بەرپرسە سەربازی و حکوومییەکانی هەردوولاش، هۆشداری دەدەن و ئاماژە بە جەنگێکی پێشبینیکراو دەکەن.



‌ئێستا