×


کوردی      English
تۆڕی میدیایی ئێستا
تۆڕی میدیایی ئێستا

یەکێتیی ئەورووپا بەنیازە 300 ملیۆن ژەم پێکوتەی کۆرۆنا بکڕێت

2020-08-01
تاقیکردنەوەکان لەسەر پێکوتەی کۆرۆنا
فۆتۆ: ئەسۆشییەتد پرێس
ئێستا - پۆلیتیکۆ
ئێستا
کۆمسیۆنی یەکێتیی ئەورووپا، ڕۆژی هەینی 31 تەمموز، ڕایگەیاند بەنیازن گرێبەستێک لەگەڵ کۆمپانیایەکی پزیشکی واژووبکەن، بە مەبەستی فەراهەمکردنی 300 ملیۆن ژەم پێکوتەی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ بۆ وڵاتانی ئەندام لە یەکێتییەکە.

ماڵپەڕی پۆلیتیکۆ بڵاویکردەوە کە سەرۆکی کۆمسیۆنی یەکێتیی ئەورووپا، ئۆرسۆلا فۆن دێر لاین ڕایگەیاندووە، "ڕێكکەوتنمان لەگەڵ کۆمپانیای سانۆفیی فەرەنسی هێشتا واژوونەکراوە، بەڵام بژاردەیەک دەخاتە بەردەم ئەندامانی یەکێتییەکە بۆ کڕینی پێکوتەی کۆرۆنا".

ئۆرسۆلا فۆن دێر لاین جەختی لەوەش کردەوە کە لە گفتوگۆدان لەگەڵ چەندین کۆمپانیای دیکە، "ئەگەرچی ناشزانین لە کۆتاییدا کام پێکوتەیەیان بەباشی کار دەکات، بەڵام بە پشتبەستن بە چەند جۆرێکی جیاوازی تەکنەلۆجیا، بەدواداچوون بۆ پێکوتەکان دەکەین".

لە چەند هەفتەی ڕابردوودا هەر یەکە لە ئەمریکا و بەریتانیا گرێبەستیان لەگەڵ چەند کۆمپانیایەکدا واژووکرد، تاوەکو ملیۆنان ژەم پێکوتەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بۆ خۆیان فەراهەمبکەن.

ئەمریکا لەگەڵ کۆمپانیاکانی بایۆئێنتێک و پفیتسەر (100 ملیۆن)، ئاسترازێنێکا و زانکۆی ئۆکسفۆرد (300 ملیۆن ژەم) و کۆمپانیای نۆڤاڤاکس (100 ملیۆن ژەم) گرێبەستی واژووکردووە.

بەریتانیاش لەگەڵ کۆمپانیاکانی بایۆئێنتێک و پفیتسەر (30 ملیۆن ژەم) و کۆمپانیای ڤالنێڤای فەرەنسی (100 ملیۆن ژەم) واژووکردووە.

بەپێی ئامارە فەرمییەکان، ژمارەی تووشبووانی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ لە جیهان نزیکبووەتەوە لە 17 ملیۆن و 800 هەزار کەس، هەروەها نزیکەی 700 هەزار کەسیش بەهۆی ڤایرۆسەکەوە مردوون، سەرەڕای چاکبوونەوەی زیاتر لە 11 تووشبووش.



‌ئێستا