×


کوردی      English
تۆڕی میدیایی ئێستا
تۆڕی میدیایی ئێستا

سەرۆکی پەرلەمانی عێراق داوای نزیککردنەوەی وادەی هەڵبژاردن و کۆبوونەوەی بەپەلە دەکات

2020-08-01
محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
فۆتۆ: فرانس پرێس
ئێستا
ئێستا
سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، محەممەد حەلبووسی، ئەمڕۆ شەممە 1ی ئاب، داوای دەستنیشانکردنی وادەیەکی نزیکتری لەو وادەیە کرد کە سەرۆکوەزیران، مستەفا کازمی بۆ هەڵبژاردنە پێشوەختەکانی وڵاتەکەی دەستنیشانی کردبوو.

محەممەد حەلبووسی لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تویتەر ڕاگەیەنراوێکی لە بارەی دەستنیشانکردنی وادەی هەڵبژاردنی پێشوەختە بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، "حکومەتەکانی پێشووتر بەرنامەی حکومی و وزارییەکانیان جێبەجێنەدەکرد، بە شێوەیەک لەو دێڕانە تێنەدەپەڕی کە بەرنامەکەی پێدەنووسرا".

حەلبووسی ڕوونیشی کردەوە، "هەر ئەمە بووە هۆی بەردەوامبوونی خۆپیشاندانە جەماوەرییەکان، کە هۆکاری سەرهەڵدانیان کەمی خزمەتگوزاری و نەبوونی ژیانێکی باش و ڕێزلێگیراو بوو".




سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران جەختی کردەوە کە لە پێناو عێراق و دڵسۆزبوون بۆ قوربانیدانی نەوەکانی، "داوای وادەیەکی نزیکتر بۆ هەڵبژاردنەکان دەکەین، هەروەها داواش دەکەین کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی کراوە و ئاشکرا بە ئامادەبوونی سەرۆکایەتییەکان و هێزە سیاسییەکان ئەنجامبدرێت، تاوەکو ڕێکارە دەستوورییەکان بەپێی ماددەی 64 بگیرێنەبەر".

سەرۆکەکەی پەرلەمانی عێراق وتیشی، "ئەمە تاکە ڕێگەچارەی دەستوورییە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە. ئەرکە لەسەر هەمووانیش دەسەڵاتی خۆیان بزانن و بەرپرسیارێتییان لەبەردەم گەلدا هەڵبگرن".

ڕۆژی 31ی تەمموز، مستەفا کازمی لە پەیامێکی تەلەفزیۆنیدا وادەی هەڵبژاردنە پێشوەختەی دەستنیشانکرد، کە بڕیارە 6ی حوزەیرانی ساڵی 2021 ئەنجامبدرێت.

نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکانیش لە عێراق، جێنین پلاسخارت لە ڕاگەیەنراوێکدا خۆشحاڵی خۆی بۆ ئاشکراکردنی وادەی هەڵبژاردنەکە ئاشکرا کرد و ئامادەیی نەتەوە یەکگرتووەکانی بۆ هەڵبژاردنەکە دەربڕی.



‌ئێستا