×


کوردی      English
تۆڕی میدیایی ئێستا
تۆڕی میدیایی ئێستا

نەتەوە يەكگرتووەكان: ئامادەين پاڵپشتیى ئەنجامدانى هەڵبژاردنێكى ئازاد لە عێراق بكەين

2020-07-31
پرۆسەی دەنگدان بۆ پەرلەمانی عێراق، 2018
فۆتۆ: REUTERS
ئێستا - عێراق
ئێستا
دواى ئاشكراكردنى وادەى هەڵبژاردنى پێشوەخت لەلايەن سەرۆكوەزيرانى عێراق، مستەفا كازمييەوە، نەتەوە يەكگرتووەكان پاڵپشتیی خۆى بۆ ئەو بڕيارە ڕاگەياند.

نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق، جێنین هێنیس پلاسخارت، لە ڕاگەيەنراوێكدا خۆشحاڵیی خۆی بۆ ئاشكراكردنى وادەى هەڵبژاردنى پێشوەخت لەلايەن كازمييەوە دەربڕى.

پلاسخارت ڕايگەياند، "وەكو نەتەوە يەكگرتووەكان، ئامادەين پاڵپشتیی ئەنجامدانى هەڵبژاردنێكى ئازاد و شەفاف لە عێراق بكەين".

پلاسخارت وتیشی، "هەڵبژاردنێکی بێگەرد و ئازاد و متمانەدار و گشتگیر، کە بەشێوەیەکی ڕێکوپێک ئەنجام بدرێت، دەتوانێت سەرلەنوێ سیستمی سیاسی ڕێکبخاتەوە و متمانەی گشتیش دروست بکات و دەنگ بۆ خەڵک دابین بکات و ئاواتەکانیشیان بۆ نوێنەرایەتییەكی باشتر بهێنێتە دی".

نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق، جێنین هێنیس پلاسخارت ڕاشیگەیاند ئەرکی حکومەت و پەرلەمان و پارتە سیاسییەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکەیە کە هاوبەشانە و بەیەکەوە هەڵبژاردنێکی ڕەوا و ئازاد و متمانەدار دەستەبەر بکەن.

هەر ئەمشەو هەینی، سەرۆكوەزيرانى عێراق، مستەفا كازمى ڕۆژی 6ی حوزەيرانى 2021ى وەكو وادەی بەڕێوەچوونى هەڵبژاردنى پێشوەخت لە عێراق ڕاگەیاند.



‌ئێستا