×


کوردی      English
تۆڕی میدیایی ئێستا
تۆڕی میدیایی ئێستا

ئێران: تەقینەوەکەی وێستگەی ناووکیی نەتەنز بەهۆی کێشەیەکی ناو وێستگەکەوە ڕوویداوە

2020-07-31
وێستگەی ناووکیی نەتەنز، ئێران
فۆتۆ: REUTERS
ئێستا - ئاژانسەکان
ئێستا
سەرۆکی لیژنەی ئاسایشی نیشتیمانی و سیاسەتی دەرەوە لە پەرلەمانی ئێران، موجتەبا زوونوون، ئەمڕۆ هەینی 31ی تەمموز، لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵێکی تەلەفیزیۆنیی وڵاتەکەی باسی لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی تایبەت بە تەقینەوەکەی ناو وێستگەی ناووکیی نەتەنز کرد.

زوونوون ئاماژەی بەوەدا کە ئاستەمە ڕووداوەکە پەلامار بووبێت و وتی، "لێکۆڵینەوەکان ئەوە پیشان دەدەن کە تەقینەوەکە لەڕێی مووشەک، درۆن یان هەرشتێکی هاوشێوەوە ئەنجام نەدراوە".

ناوبراو لەبارەی هۆکاری ڕووداوەکەش، باسی لەوە کرد تەقینەوەکە بەهۆی کێشەیەکی ناو وێستگە ناووکییەکەوە ڕوویداوە، کە لە ئێستادا ناتوانن وردەکارییەکانی بخەنەڕوو.

شایانی بەبیرهێنانەوەیە، لە 2ی تەمموزدا لە وێستگەی ناووکیی نەتەنز ڕووداوێکی ئاگرکەوتنەوە، یان "تەقینەوەیەک" ڕوویدا، بەڵام هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتەوە.

پێشتر، وتەبێژی دەزگای وزەی ناووکیی ئێران، بێهروز کەمالوەندی ئەوەی ئاشکرا کرد کە ڕووداوەکە زیانێکی بەرچاوی ماددی لێکەوتووەتەوە.

لەلایەکی دیکەشەوە، چەند سەرچاوەیەکی هەواڵیی نێودەوڵەتی باسیان لەوە دەکرد کە ئیسرائیل دەستی لە ڕووداوەکەدا هەبووە.



‌ئێستا