×


کوردی      English
تۆڕی میدیایی ئێستا
تۆڕی میدیایی ئێستا

ئەمریکا سزای بەسەر ئەمیندارێکی حزبی کۆمۆنیستی چینیدا سەپاند

2020-07-09
ئاڵای ئەمریکا و چین، لە پشتیشەوە تەلاری کاپیتۆل هیڵ
فۆتۆ: cfr
ئێستا - ڕۆیتەرز
ئێستا
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا، ئەمڕۆ پێنجشەممە، سزای بەسەر چوار بەرپرسی باڵای چیندا سەپاند، لە نێویشیاندا ئەمیندارێکی ناوچەیی حزبی کۆمۆنیستی چینی.

وەزارەتی گەنجینی ئەمریکا لە ماڵپەڕی فەرمیی خۆی ڕاگەیەندراوێکی لەبارەی سزاکانی بەسەر کەسایەتییە چینییەکان بڵاوکردەوە، وەک هەوڵێک بۆ فشارخستنە سەر حکوومەتی چین.

بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، یەکێک لەو کەسایەتییانەی سزای بەسەردا سەپێندراوە، ئەمیندارێکی حزبی کۆمۆنیستی باڵادەستە لە ناوچەی شینژیانگ، کە لە هەمان کاتدا بەڕێوەبەری نووسینگەی گشتیی حزبەکەی لەو ناوچەیە و ناوی چێن کوانگوۆیە.

وەزارەتەکە هۆکاری سەپاندنی سزاکانی ئاشکرا نەکرد، بەڵام واشنتن هەوڵدەدات فشارەکانی لەسەر چین چڕتر بکاتەوە، لە کاتێکدا بەهۆی سەپاندنی یاسای نوێی ئاسایشی نیشتمانی لە هەرێمی هۆنگ کۆنگ و "پێشیلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە ناوچەی ئۆیگوور"، گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و چین هەڵكشاون.

ڕۆژی 15ی کانوونی دووەم، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی دەوڵەتی چین، لیو هێ و سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ لە شاری واشنتن، قۆناغی یەکەمی ڕێککەوتنی بازرگانییان واژۆکرد، بەمەبەستی کەمکردنەوەی گرژییەکان و ئاساییکردنەوەی بارودۆخی بازرگانیی جیهان، کە بە بڕوای واشتن لە بارودۆخی ئێستایدا زیان بە بەرژەوەندیی وڵاتەکە دەگات.

بەڵام دوای دوو مانگ لە ڕێککەوتنەکە، پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ لە ئەمریکا بڵاوبووەوە، بە شێوەیەک وای کرد ببێتە یەکەم وڵات لە ڕووی تووشبوون و مردن بە پەتاکە، بەوپێیەی زیاتر لە سێ ملیۆن حاڵەتی تووشبوون و 135 هەزار حاڵەتی مردن لەوێ هەن.

کۆرۆنا گرژییەکانی نێوان دوو وڵاتە زلهێزەکەی، هەڵکشاندەوە و زیاتر لە پێشووش ناکۆکییەکان قووڵبوونەوە. لێدوانی تووند و فەرمانی سەربازیی بەرپرسە ئەمریکییەکان، بەرپرسانی چینی هێنایەدەنگ و هەوڵەکانی واشنتنیان بە دەستپێکردنی "جەنگێکی سارد" وەسفکرد.



‌ئێستا