×


کوردی      English
تۆڕی میدیایی ئێستا
تۆڕی میدیایی ئێستا

گۆڕان بۆ حکوومەت: دەبێت تەنها بۆ یەک مانگ مووچەی فەرمانبەران کەمبکرێتەوە

2020-07-09
لۆگۆی بزووتنەوەی گۆڕان
فۆتۆ: ئێستا
ئێستا
ئێستا
بزووتنەوەی گۆڕان، ئەمڕۆ پێجشەممە، دوای کۆبوونەوەی ئاسایی جڤاتی نیشتمانیی حزبەکە بە ئامادەبوونی تیمەکەی لە حکوومەت، ڕاگەیەندراوێکی سەبارەت بە بارودۆخی سیاسی و ئابووری و حوکمڕانی هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە.

جڤاتی نێشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان لە ڕاگەیەندراوەکەدا، کە لە ماڵپەڕی فەرمیی حزبەکە بڵاوکراوەتەوە، داوای لە حکوومەتی هەرێم کرد، "پابەندی ڕاگەیەندراوی ڕۆژی 21ی حوزەیرانی ئەنجوومەنی وەزیرانی بێت، کە تەنها بۆ یەک مانگ مووچەی فەرمانبەران کەم دەکرێتەوە و ئەو ڕیکارە کاتییە".

جڤاتی نیشتمانی ژمارەیەک خاڵی دەستنیشانکرد، کە پێویستە حکوومەتی ئەنجامی بدات، کە پەیوەستن بە چاکسازیی ڕیشەیی لە کەرتە ئابووری و بازرگانییەکانی هەرێم، ڕێککەوتن لەگەڵ حکوومەت بە پابەندبوون ماف و ئەرکاکانی هەردوولا، هەروەها خاڵی سێیەمیش گەڕاندنەوەی داهاتە بۆ گەنجینەی حکوومەت.

بزووتنەوەی گۆڕان لە خاڵێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا جەختی لەسەر گەشەکردن و مانەوەی هەرێم کردەوە، کە بەندە بە "بنیاتنانی پایەکانی حوکمڕانی باش، بەدەستهێنانەوەی متمانەی هاونیشتمانیان و جێبەجێکردنی ستراتیجی هاوسەنگ لە پەیوەندییە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان".

دەقی ڕاگەیەندراوەکە:

ئەمڕۆ پێنجشەمە، ٩ی ٧ی ٢٠٢٠، جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان كۆبونەوەی ئاسایی خۆی بە بەشداری تیمی گۆڕان لە حكومەتی هەرێم ئەنجامدا. كۆبونەوەكە، تایبەت بو بە رەوشی سیاسی، ئابوری و حوكمڕانی هەرێمی كوردستان و عێراق.
لەدەستپێكی كۆبونەوەكەدا، سەرجەم ئەندامان سوپاس و پێزانینیان ئاراستەی پزیشك و كارمەندانی تەندروستی، پۆلیس و هێزەكانی ناوخۆ، هەروەها حكومەتی خۆجێی لە پارێزگاكان، ئیدارە سەربەخۆكان و هاونیشتیمانیان كرا، كە لەگەڵ سەرهەڵدانی پەتای كۆرۆنا خۆنەویستانە ئەركەكانیان جێبەجێ كردوە و پابەندبون بە خۆپارێزی.
تێیدا ئەم راسپاردە و بڕیارانە پەسەند كران:
یەكەم: جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان بە وردی هەڵسەنگاندنی بۆ بەشداری لە كابینەی نۆی حكومەتی هەرێم كرد. قەیرانی قوڵی سیاسی و ئابوریی و دارایی هەرێمی كوردستان ئەنجامی حوكمڕانی خراپ و نادادپەروەری و گەندەڵی رابردووە. هەروەها، جەختی كردەوە لە سەر ئەنجامدانی چاكسازی و گۆڕانكاری ریشەیی، وە بەشداری بزوتنەوەی گۆڕانیش لە كابینەی نۆ تەنیا بەم ئامانجەیە و، لەم چوارچێوەیەشدا پشتیوانی تەواوی تیمی خۆی دەكات لە حكومەتدا.
دوەم: حكومەتی هەرێمی كوردستان پێویستە پابەند بێت بە راگەیندراوی كۆتایی كۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیران لە ٢١ی ٦ی ٢٠٢٠ كە تەنها بۆ یەك مانگ موچەی فەرمانبەران كەم ئەكرێتەوە و ئەو رێكارە كاتییە. بزوتنەوەی گۆڕان جەخت ئەكاتەوە كە حكومەت هەرێم پابەندبێت بەو بەڵێنەوە. بۆ ئەم مەبەستەش پێویستە:
١. چاكسای ریشەیی لە كەرتی نەوت و گاز، داهاتی ناوخۆ، خاڵە سنورییەكان، باج ئەنجامبدرێت.
٢. رێكەوتن لەگەڵ حكومەتی فیدراڵی بە پێویست ئەزانێت، لەم پێناوەشدا پێویستە هەردولا پابەندی ماف و ئەركەكانیان بن.
٣. پێویستە دەستەبەجێ تەواوی داهات بگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی حكومەت و كۆتایی بە قۆرخكاری و دەستێوەردانی كۆمپانیای حیزبی بهێندرێت. ئەمەش هەنگاوێكی گرنگە بۆ زیادكردنی داهات و پێدانی موچەی هاونیشتیمانیان لە كاتی خۆیدا.
سێیەم: چاكسازی لە ناو هێزەكانی پێشمەرگە و پۆلیس و هێزەكانی ناوخۆ بكرێت بە نەهێشتنی دەستی حیزب لەناویاندا و كردنیان بە دامەزراوەی نیشتیمانی.
چوارەم: مانەوە و گەشەكردنی هەرێمی كوردستان بەندە بە بنیاتنانی پایەكانی حكومڕانی باش، بەدەستهێنانەوەی متمانەی هاونیشتیمانیان، جێبەجێكردنی ستراتیژی هاوسەنگی لە پەیوەندییە هەرێمی و نێودەوڵەتیەكان.
پێنجەم: سەبارەت بە پەیوەندی نێوان لایەنە سیاسیەكان پێویستە كۆتایی بهێندرێت بە دروستكردنی گرژی و ئاڵۆزی دەستكرد و لاوەكی، كە لە روانگەی ئێمەوە بیانوە بۆ دواخستن و خۆدزینەوە لە ئەنجامدانی چاكسازی ریشەیی.
شەشەم: بزوتنەوەی گۆڕان ئاڵوگۆڕ و گۆڕانكاری لە حكومەتی خۆجێی پارێزگای سلێمانی، هەڵەبجە، ئیدارەی راپەڕین و گەرمیان ئەنجام ئەدات.
دڵنیاین ئەتوانین قەیرانی نەخوازراوی سیاسی و دارایی بە بەشداری چاكسازیخوازان و هاونیشتیمانیان تێئەپەڕێنین. بزوتنەوەی گۆڕان بە باوەڕێكی نەپساوە پابەندە بە ئەركی نیشتیمانی و ئەخڵاقی خۆی كە هەمیشە وەك داكۆكیكاری مافی هاونیشتیمانیان ئەمێنێتەوە. لەم پێناوەدا هەمو هەنگاوێكی پێویست ئەگرێتەبەر.

جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان



‌ئێستا