×


کوردی      English
تۆڕی میدیایی ئێستا
تۆڕی میدیایی ئێستا

لەدەرەوە نان بخۆ، یارمەتی دەرەوە بدە.. بەریتانیا پلانێکی نوێ بۆ بووژاندنەوەی ئابووری ڕادەگەیەنێت

2020-07-09
خوانێکی ئێواران
فۆتۆ: ماڵپەڕی زانکۆی ئۆکسفۆرد
ئێستا - بی بی سی
ئێستا
وەزارەتی دارایی بەریتانیا، ئەمڕۆ پێنجشەممە، پلانی "لە دەرەوە نان بخۆ، یارمەتی دەرەوە بدە"ـی ڕاگەیاند، کە تێیدا فەرمانی کردووە بە داشکاندنی لە سەدا 50ی پسووڵەی نانخواردنی چێشتخانە، کافێ و یانە شەوانەکان.

بەپێی هەواڵێکی کەناڵی بی بی سی، وەزیری دارایی بەریتانیا، ڕیشی سوناک پلانێکی ڕاگەیاندووە بۆ دووبارە دەستپێکردنەوەی پرۆسەی ئابووری لە وڵاتەکەی، ئەویش دوای ئاساییبوونەوەی بارودۆخی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ لە وڵاتەکە، کە زۆرینەی سێکتەرە ئابوورییەکانی وەستاندبوو.

بەپێی پلانەکە، دەبێت چێشتخانە و کافێ و یانە شەوانەکان لە مانگی ئابدا، لە سەدا 50ی نرخی خواردن و پسووڵەکانیان بۆ کڕیارەکانیان دابشکێنن، لەگەڵ ئەوەشدا حکوومەت بڕە پارەکەیان بۆ خەرجدەکاتەوە.

ڕیشی سوناک ڕاشیگەیاند، "باجی زیادەی سەر گەشتیار و میوانەکانی وڵاتەکەی بۆ لە سەدا 5 کەم کەمدەکرێتەوە. هەروەها داشکاندنی لە سەدا 20ش بۆ شەش مانگی دواتر بەردەوام دەبێت".

وەزیرە بەریتانییەکە لە میانەی ئاشکراکردنی پلانەکە، وتی، "وڵاتەکەمان بە کاتێکی دانسقەدا تێدەپەڕێت و دەبێت داهێنەر بین".

بی بی سی ئاماژەی بەوە کرد، "ئەم داشکاندنە خواردنەوە کحوولییەکان ناگرێتەوە، بەڵکو تەنها خواردن و خواردنەوە ئاساییەکان و بۆ هەر کەسێکیش دەکرێت، کە لەسەروو 10 پاوەندەوە شتومەک بکڕێت".

ئەم پلانەی بەریتانیا، ڕێگە بۆ هاووڵاتییانی وڵاتەکە خۆشدەکات چوونەدەرەوەکانیان زیاتر بکەنەوە و ژیانی ڕۆژانەیان ئاسایی ببێتەوە، ئەمەش ڕاستەوخۆ کاریگەریی ئەرێنی لەسەر چالاکیی ئابووریی دوکان، مۆڵ و شوێنە گشتییەکان دروست دەکات، لە دوورمەوداشدا چالاکیی ئابووریی وڵاتەکە دەبوژێتەوە.

لەگەڵ بڵاوبوونەوەی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ لە جیهان، زۆرینەی کەرتە ئابووری و بازرگانییەکان وەستان، ئەمەش زیانێکی گەورەی بە وڵاتان گەیاند. ئەگەرچی زۆرینەیان، لە ڕیزی یەکەمیش ئەمریکا، بەریتانیا، ڕووسیا و وڵاتە ئەورووپییەکان لە هەوڵدان بۆ دەستپێکردنەوەی چالاکییە ئابوورییەکانیان.

لە سەرەتای سەرهەڵدانی پەتای کۆرۆناوە تاوەکو ئێستا، زیاتر لە 12 ملیۆن و 200 هەزار کەس تووشی پەتاکە بوون، لەو ژمارەیەش نزیکەی 555 هەزار کەس مردوون، سەرەڕای چاکبوونەوەی زیاتر لە حەوت ملیۆن و 100 کەسیش.



‌ئێستا