×


کوردی      English
تۆڕی میدیایی ئێستا
تۆڕی میدیایی ئێستا

ئەفغانستان بە ئومێدی دەستپێکردنەوەی گفتوگۆی ئاشتی زیندانیی زیاتری تاڵیبان ئازاد دەکات

2020-07-09
زیندانییە ئازادکراوەکانی ئەمدواییانەی بزووتنەوەی تاڵیبان لە کابوول
فۆتۆ: ڕۆیتەرز
ئێستا - ڕۆیتەرز
ئێستا
وتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەفغانستان، جاوید فەیسەڵ، ئەمڕۆ پێنجشەممە، ڕایگەیاند بڕیاردراوە بە ئازادکردنی زیاتری زیندانییانی بزووتنەوەی تاڵیبان، بە ئومێدی دەستپێکردنەوەی گفتوگۆی ئاشتیی نێوان بزووتنەوەکە و حکوومەت.

بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی ڕۆیتەرز، ناکۆکییەکانی نێوان تاڵیبان و کابوول لەسەر 600 زیندانی بووە، کە بزووتنەوەکە ویستوویەتی لە زیندانییەکانی حکوومەتدا ئازاد بکرێن، بە ئامانجی کۆتاییهێنان بە جەنگی چەند ساڵەیان نێوانیان. ئەگەرچی زیاتر لە پێنج هەزار ئەندامیان زیندانی کراون.

دوای 19 ساڵ لە ڕووخاندنی حکوومەتەکەی تاڵیبان لە ئەفغانستان، لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵدا، ڕێککەوتنی ئاشتی لەگەڵ ئەمریکادا واژۆکرا، بە مەرجی ئازادکردنی ژمارەیەک زیندانی بزووتنەوەکە لای حکوومەت، هەروەها ئازادکردنی ژمارەیەک زیندانیی حکوومیش لای تاڵیبان.

سەرەڕای ئازادکردنی هەندێک لە زیندانییەکان لەلایەن هەردوولاوە، بەڵام حکوومەتی ئەفغانی ڕایگەیاندبوو نایەوێت چەند زیندانییەکی بەرانبەر ئازادبکات، بە هۆکاری ئەمنی و ناڕەزایەتیی هاوپەیمانە ڕۆژاواییەکانی.

جاوید فەیسەڵ ئاشکراشی کرد، "تاڵیبان لیستێکی دیکەی پێداوین و بەردەوام دەبین لە پرۆسەی ئازادکردنی زیندانییەکان، بەڵام دەبێت ڕاستەوخۆ گفتوگۆکان دەستپێبکەن".

لە ماوەی ڕابردوودا، توندوتیژییەکان لە ئەفغانستان تەشەنەیان کردبوو، بەپێی ئاماری حکوومەت و نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ئەو وڵاتە، زیاتر لە هەزار کەس کوژراون و هەزارانی دیکەش بریندار بوون، لە نێویشیاندا منداڵ و ژن و ئەندامانی هێزە ئەمنییەکان هەن.



‌ئێستا