×


کوردی      English
تۆڕی میدیایی ئێستا
تۆڕی میدیایی ئێستا

وەزیری کشتوکاڵ: لەم کابینەیەی حکوومەتدا زۆرترین باج خراوەتەوە سەر بەرهەمی هاوردەکراو

2020-07-09
کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی وەزیری کشتوکاڵ
فۆتۆ: ئێستا
ئێستا - هەولێر
ئێستا
وەزیری کشتوکاڵی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بێگەرد تاڵەبانی، ئەمڕۆ پێنجشەممە، بە مەبەستی پاڵپشتی کردنی بەرهەمی ناوخۆیی، ئەمساڵ نرخی باجی سەر کەلوپەلی هاوردە بەرزکراوەتەوە بەڕادەیەک لە هیچ کابینەیەکی پێشوودا نەگەیشتووەتە ئەو ئاستە.

ئەمڕۆ وەزیری کشتوکاڵ و وەزیری بازرگانی و پیشەسازی، کەمال موسلیم لەگەڵ لیژنەی کشتوکاڵ و ئاودێریی پەرلەمانی کوردستان کۆبوونەوە و تاوتوێی بەرهەمی کشتوکاڵی ناوخۆ و هاوردەکراویان کرد. 

دوابەدوای کۆبوونەوەکە، بێگەرد تاڵەبانی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، " ئێمە وەک وەزارەتی کشتوکاڵ بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و داخستنی ڕێگاکانی نێوان پارێزگاکان و داخستنی هاتوچۆ لەگەڵ باشوور و خوارووی عێراق، تووشی زۆر ئاستەنگ بووینەوە لە ساغ کردنەوەی بەرهەمە ناوخۆییەکان".

وەزیری کشتوکاڵ وتیشی، هەر لەسەرەتای هاتنی ڤایرۆسی کۆرۆنا و دانانی ڕێکارەکان، لە هەوڵدا بووین لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ و ئیدارەی پارێزگاکان، بۆ کارئاسانیکردن بۆ جووتیاران لە چاندنی تۆوەکان و کۆکردنەوەی بەروبوومەکانیان.

بەرپرسی کەرتی کشتوکاڵیی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش کرد، "بەهۆی ئەو ڕێکارانەوە ئەمساڵ نەتوانرا بەرهەمی ناوخۆ ڕەوانەی باشوور و ناوەڕاستی عێراق بکرێت، کە بازاڕێکی باشی ساغکردنەوەی بەرهەمەکانە، هەروەها ئاڵوگۆڕی نێوان پارێزگاکانی هەرێمیش وەستابوو".

بێگەر تاڵەبانی جەختیشی کردەوە، ئەمساڵ بۆ پشتگیری بەرهەمی ناوخۆ، "باجی سەر کاڵا و شتومەکی هاوردەمان بە ڕێژەیەک بەرز کردووەتەوە، کە هەندێجار نرخی بەرهەمەکە لەدەرەوە هاوتای باجەی بووە، لە کاتێکدا لە هیچ کابینەیەکی پێشوودا ئەوە نەکراوە".

وەزیری کشتوکاڵ سەرنجی بۆ هەوڵەکانی وەزارەتەکەی ڕاکێشا بۆ بەبازاڕیکردن و دۆزینەوەی بازاڕی دەرەکی بۆ بەرهەمەکانی خۆمان، ئەوەش لە ماوەی داهاتوودا ئەنجامی دەبێت، هەروەها "لە ئێستادا لەگەڵ وەزارەتی بازرگانی لە پەیوەندیداین، بۆ ئەوەی ساڵی داهاتوو کارگەی دروستکردنی خۆراک و لە قتوونان و پیشەسازییە خۆراکییەکان لە هەرێمی کوردستان پەرەی پێبدرێت".

لەلایەکی دیکەوە سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵی پەرلەمانی کوردستان، عەبدولستار مەجید ڕایگەیاند، "لە کۆبوونەوەماندا کۆکبووین لەسەر ئەوەی ڕێگاکانی ڕێگریکردن لە هاوردەی بەرهەمی دەرەکی توندتربکرێت".

عەبدولستار مەجید جەختیشی کردەوە کە لە هەوڵدا دەبن، بۆ ئەوەی ڕێگە بدرێت بەرهەمی جووتیاران ڕەوانەی ناوەڕاست و باشووری عێراق بکرێت، هەروەها ئاسانکاری لە حکوومەتی هەرێم و عێراقیشەوە ئەنجامبدرێت.



‌ئێستا