×


کوردی      English
تۆڕی میدیایی ئێستا
تۆڕی میدیایی ئێستا

ئەمریکا: بەهۆی پابەندنەبوونی ئێرانەوە دەبێت ئەنجوومەنی ئاسایش گەمارۆی چەککڕینی لەسەر درێژبکاتەوە

2020-07-09
مایک پۆمپەیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا
فۆتۆ: ڕۆیتەرز
ئێستا - ڕۆیتەرز
ئێستا
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، مایک پۆمپەیۆ، دوێنێ چوارشەممە، ڕایگەیاند هیچ کەسێک باوەڕ بەوە ناکات ئێران چەک بۆ مەبەستی هێنانەدیی ئاشتی بەکاردەهێنێت، "لەبەر ئەوە دەبێت ئەنجوومەنی ئاسایش گەمارۆی چەککڕینی سەر تاران درێژبکاتەوە".

مایک پۆمپەیۆ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئاماژەی بە گەمارۆی چەککڕینی ئێران کرد، کە بڕیارە مانگی ئۆکتۆبەر وادەکەی کۆتایی پێبێت، ئاژانسی ڕۆیتەرزیش ناوەڕۆکی لێدوانەکانی لەوبارەوە بڵاوکردووەتەوە.

پۆمپەیۆ لە کۆنگرەکەدا ڕایگەیاند، ڕۆژی 28ی حوزەیران ئەمریکا و هاوپەیمانەکەی، کە دەستنیشانی نەکرد کێیە، دەستیان بەسەر بەلەمێکدا گرتووە لە کەناراوەکانی یەمەن، "بەلەمەکە چەکی ئێرانی گواستووەتەوە بۆ حووسییە یاخیبووەکان".

وەزیرە ئەمریکییەکە جەختی لەوە کردەوە، "ئێران پابەند نییە بە گەمارۆی چەککڕینی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەگەرچی لە کەمتر لە چوار مانگدا وادەکەی کۆتایی دێت".

بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی واشنتن، سەرنجی بۆ ڕاپۆرتێکی ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەنتۆنیۆ گوتێرێز ڕاکێشا، کە دوو هەفتە لەمەوپێش بڵاوبوەوە و پێداگری لەوە کردبوو، ئەو چەکانەی بۆ حووسییەکان نێردرابوون و دەستیان بەسەردا گیرابوو، "ئێرانین".

مایک پۆمپەیۆ کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەی وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەی، سووربوونی وڵاتەکەی خستەڕوو لەسەر باوەڕیان بە درێژکردنەوە و گەمارۆکە و وتی، "پێویستە ئەنجوومەنی ئاسایش گەمارۆی چەککڕینەکە لەسەر ئێران درێژبکاتەوە، تاوەکو ڕێگری لە ململانێی زیاتر بکرێت لە ناوچەکە".

دیپلۆماتکارەکە بە لاقرتێوە ئاماژەی بەوە کرد، "ناکرێت هیچ کەسێکی جددی باوەڕ بەوە بکات ئێران چەک بۆ ئامانجی ئاشتیخوازانە بەکاردەهێنێت".



‌ئێستا