×


کوردی      English
تۆڕی میدیایی ئێستا
تۆڕی میدیایی ئێستا

دەوڵەتی یاسا: سەرجەم هێزە سیاسییەكان هاوڕان لەسەر ئەنجامنەدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە

2020-07-06
دەنگدان، عێراق
فۆتۆ: Getty Images
ئێستا - عێراق
ئێستا
سەركردە لە هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا لە عێراق، سەعد موتەلیبی لە ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند كە سەرجەم هێزە سیاسییەكان هاوڕان لەسەر ئەوەی کە هەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجام نەدرێت و ئاماژە بەوەش دەكات كە یاسای هەڵبژاردنەكان، پێویستی بە هەموواركردنەوە هەیە.

سەعد موتەلیبی لە لێدوانێكدا ڕۆژنامەوانییدا ئاشكرای كرد كە سەرجەم هێزە سیاسییەكان هاوڕان لەسەر ئەوەی کە هەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجام نەدرێت، هەرچەند بە ئاشكرا ئەوەیان ڕانەگەیاندووە، وێڕای ئەوەی بانگەشەی ئەوە دەكرێت كە هەوڵ دەدرێت هەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجام بدرێت.

ناوبراو وتیشی، "هەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجام نادرێت، تا ئەو كاتەی فراكسیۆنەكان لە ئەنجوومەنی نوێنەران سوور بن لەسەر پەسەندنەكردنی یاسای دادگای فیدراڵ".

سەركردە لە هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، سەعد موتەلیبی ڕوونی كردەوە هەر كاتێك یاسای دادگای فیدراڵ پەسەند كرا، ئەوا دووبارە دەسەڵاتی یاسایی دەدرێتەوە بە دادگاكە بۆ ئەوەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە پەسەند بكات.

موتەلیبی ڕاشیگەیاند كە یاسای هەڵبژاردنەكان، پێویستی بە هەموواركردنەوە هەیە و پێویستە سەرجەم هێزە سیاسییەكان كۆببنەوە بۆ ئەوەی یەكەكانی بەڕێوەبردنی هەڵبژاردن و چۆنیەتیی دابەشكردنی كورسییەكان دیاری بكەن.

پێشتر، ڕاوێژكاری سەرۆكوەزیرانی عێراق بۆ كاروباری هەڵبژاردنەكان، حوسێن هینداوی ڕایگەیاندبوو كە حكوومەت ئامادەیە هەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجام بدات، بەڵام بەو مەرجەی دەنگدان لەسەر یاسای هەڵبژاردنەكان لە ئەنجوومەنی نوێنەران تەواو بكرێت.



‌ئێستا