×


کوردی      English
تۆڕی میدیایی ئێستا
تۆڕی میدیایی ئێستا

هاوپەیمانانی تورکیا داوا لە ئەنقەرە دەکەن ئایا سۆفیا نەکات بە مزگەوت

2020-07-06
مۆزەخانەی ئایا سۆفیا
فۆتۆ: .
ئێستا - سپوتنیک
ئێستا
لە ماوەی ڕابردوودا دەسەڵاتدارانی تورکیا، ئاشکرایان کرد بەنیازن تەلاری ئایا سۆفیا، کە پێشتر کڵێسایەکی گەورەی کریستیانەکان بووە، بکرێت بە مزگەوت. بەڵام پرسەکە دەنگدانەوەیەکی گەورەی لێکەوتەوە، بە شێوەیەک هاوپەیمانەکانی هاتنە دەنگ و داوای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکەیان کرد.

ساڵی 2019، سەرۆککۆماری تورکیا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ڕایگەیاندبوو، "هەڵەیەکی گەورەیە ئایا سۆفیا بکرێت بە مۆزەخانە" و جەختی لەوە کردەوە بەنیازە بیکات بە مزگەوت.

لەم هەفتەیەدا دادگای باڵای وڵاتەکەش، بڕیار لەسەر چارەنووسی ئایا سۆفیا دەدات، کە ئاخۆ ڕەوایە بکرێتە مزگەوت یاخود نا. بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی سپوتنیک، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان فەرمانی بە یاریدەدەرەکانی کردووە، لێکۆڵێنەوەیەکی سەرتاسەری لەبارەی گۆڕینی ئایا سۆفیا لە مۆزەخانەوە بۆ مزگەوت بکەن.

وەزارتەی دەرەوەی ئەمریکا، لە ڕاگەیەندراوێکدا داوای لە حکوومەتی تورکی کرد، "ئایا سۆفیا وەک مۆزەخانە بهێڵێتەوە، تاوەکو ببێتە نموونەیەکی پابەندبوون بە ڕێزگرتن لە دابونەریتە ئایینی و فرەچەشنی مێژووی، کە لە کۆماری تورکیادا هەیە، تاوەکو گەرەنتی ئەوە بکات حکوومەت بۆ هەمووانە".

وەزیری دەرەوەی تورکیاش، مەولود چاوش ئۆغلۆ جەختی لەوە کردەوە، وڵاتەکەی مافی ئەوەی هەیە مامەڵە لەگەڵ ئایا سۆفیا بکات، چونکە "پرسێکی نێودەوڵەتی نییە و پەیوەستە بە سەروەریی نیشتمانیی تورکیاوە".

وتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتیی ڕووسیا (کرملن)، دمیتری پێسکۆڤ لە کۆنگرەیەکدا ڕایگەیاند، "بڕیاری پەیوەست بە ئایا سۆفیا پرسێکی ناوخۆیی تورکیایە، لە هەمان کاتیشدا هیوادارین بەرپرسانی وڵاتەکە گرنگیی مێژوویی ئەم شوێنە مێژووییە لەبەرچاوبگرێت".

سەرنجی بۆ ئەوەش ڕاكێشا، "ئایا سۆفیا لە جیهانەوە سەردانی دەکرێت، سەرەڕای بەها گەشتوگوزارییەکەی، بەهای ڕۆحیی پیرۆزی هەیە و هیوادارین وەک شوێنێکی جیهانی لەبەرچاوبگیرێت".

پاتریارکی کریستیانە ئۆرتۆدۆکسەکانی ڕووسیاش، کیرێل وتی، "گۆڕینی شوێنەکە بۆ مزگەوت، ئازارێک لای گەلی ڕووسیا بەجێدەهێڵێت".



‌ئێستا