×


کوردی      English
تۆڕی میدیایی ئێستا
تۆڕی میدیایی ئێستا

بە بەرچاوی چینییەکانەوە دوو کەشتیی ئەمریکی مانۆڕیان ئەنجامدا

2020-07-06
کەشتیی فڕۆکەهەڵگریی نیمیتز
فۆتۆ: ڕۆیتەرز
ئێستا - ڕۆیتەرز
ئێستا
دوو کەشتیی فڕۆکەهەڵگری ئەمریکا، ئەمڕۆ دووشەممە، بە بەرچاوی هێزە چینییەکانەوە مانۆڕیان لە دەریای چینی ناوەڕاست ئەنجامدا، چەند ڕۆژێک دوای کۆتاییهاتنی مانۆڕی سەربازیی چینییەکان.

ئادمیراڵی کەشتیی فڕۆکهەڵگریی نیمیتز، جەیمس کیرک لە وتووێژێکی تەلەفۆنی لەگەڵ ئاژانسی ڕۆیتەرز وتی، لە مانۆڕە سەربازییەکەماندا "ئەوان ئێمەیان دەبینی و ئێمەش ئەوانمان دەبینی". لە مانۆڕەکەدا هەر یەکە لە کەشتیەکانی نیمیتز و ڕۆناڵد ڕیگن بەشدار بوون.

جەیمس کیرک ئاماژەی بەوەش کرد کە لە مانۆڕەکەدا، یەکترمان بینیوە، بەڵام هیچ ڕووداوێک ڕوویان نەدا.

ئادمیراڵەکە جەختی لەوەش کردەوە، "پێشبینی ئەوە دەکەین بەردەوام بەرکەوتنی پیشەگەر و سەلامەتمان هەبێت. ئێمە ئۆپەراسیۆنەکەمان لە ئاوێکی قەرەباڵغدا ئەنجام داوە، هاتوچۆی ئاوی لە هەموو جۆرەکانیشی لێیە".

ڕۆژی هەینی، هێزە دەریاییەکانی ئەمریکا، بڕیاریدا دوو کەشتییەکە بنێرێتە دەریاکەوە بۆ ئەنجامدانی مانۆڕ، وتەبێژی کەشتیگەلی حەوتەمی هێزە دەریاییەکانی ئەمریکا، جۆی جێیلی جەختی لەوە کردەوە بوونی کەشتییەکان وەڵامدانەوەی هیچ ڕووداوێکی سیاسی و جیهانی نییە، بەڵکو ئەم هێزانە "یەکێکن لەو ڕێگایانەی هێزە دەریاییەکانی ئەمریکا بۆ هێنانەدیی سەقامگیری و ئاسایش و بووژانەوەی ئابووری".

هەفتەی ڕابردوو، چین ڕایگەیاند مانۆڕێکی سەربازیی پێنج ڕۆژە لە نزیک دوورگەکانی باراسیل لە ڕۆژی 1ی تەمموزەوە ئەنجام دەدرێت، پەکین و هانۆیی پایتەختی ڤیەتنام دەیانەوێت سەروەرییان بەسەر دوورگەکاندا بسەپێنن.

دەسەڵاتدارانی پەکین ڕەخنەکانی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکایان ڕەتکردەوە، کە گوایە دەیانەوێت لەڕێی مانۆڕی سەربازییەوە لە دەریا ناوبراوەکە، گرژییەکان هەڵبکشێنن و بەرپرسیارێتییەکەی خستە ئەستۆی واشنتن.



‌ئێستا