×


کوردی      English
تۆڕی میدیایی ئێستا
تۆڕی میدیایی ئێستا

ئاژانسی تەسنیم: یاسادانەران بەنیازن حەسەن ڕۆحانی بانگهێشت پەرلەمان بکەن

2020-07-06
حەسەن ڕۆحانی، سەرۆککۆماری ئێران
فۆتۆ: ڕۆیتەرز
ئێستا - ڕۆیتەرز
ئێستا
ئاژانسی تەسنیم، ئەمڕۆ دووشەممە، ئاشکرای کرد پەرلەمانتارە توندڕەوەکانی ئێران پێداگرن لەسەر بانگهێشتکردنی سەرۆککۆماری وڵاتەکەیان، حەسەن ڕۆحانی بۆ ئەنجوومەنی شوورا، "کە ڕەنگە ببێتە هۆی لابردنی لە پۆستەکەی".



ئاژانسی ڕۆیتەرز، بە پشتبەستن بە ئاژانسی تەسنیم، بڵاویکردەوە لە کۆی 290 ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران، 120 پەرلەمانتار واژۆی بانگهێشتنامەی حەسەن ڕۆحانیان کردووە بۆ لێکۆڵینەوە لێی.

ئەگەرچی بە بڕوای شیکەرەوە سیاسییەکان، ڕينگە بانگهێشتنامەکە نەنێردرێت، چونکە ڕێبەری باڵای ئێران، ئایەتوڵڵا عەلی خامنەیی داوای کردووە سەرجەم لقەکانی دەسەڵات یەکگرتوو بن لە بەرانبەر فشارەکانی ئەمریکا.

ئەندامێکی ئەنجوومەنەکە بە ناوی ئیقبال شاکیری بە تەسنیمی وت، "پەرلەمانتاران پرسیاری جۆراوجۆریان بۆ سەرۆککۆمار هەیە، بەتایبەتی پرسی قەیرانی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ وڵاتانی بیانی و بەرزیی نرخی کاڵا سەرەکی و زەڕوورەکانی ڕۆژانەی خەڵک".

حەسەن ڕۆحانی ساڵی 2013 بە سەرۆککۆماری وڵاتەکە هەڵبژێردرا، ساڵی 2017ـش جارێکی دیکە هەڵبژێردرایەوە. ڕۆحانی دەرگای دانوستانی بەسەر شەش زلهێزەکەی جیهان کردەوە بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆی دیپلۆماسی لەبارەی پرۆژە ناووکییەکەی ئێران، کە لە ئەنجامدا بووە هۆی واژۆکردنی ڕێککەوتنی ناووکیی ساڵی 2015.

پەرلەمانتارە توندڕەوەکان هەردەم دژایەتیی ڕۆژاوا و ڕێکەوتنەکەیان کردووە، ڕەخنەی توندیشیان لە ڕۆحانی گرت، کاتێک سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ لە ساڵی 2018 کشایەوە و سزاکانی بەسەر ئێراندا سەپاندەوە.

بەپێی ئاژانسە ئێرانییەکە، ئەندامانی ئەنجوومەنی شوورا بەنیازن "پرسیار لەبارەی هەڵەی ستراتیجی حکوومەت بکەن، کە ڕێگەی بۆ واشنتن خۆشکردبوو بە کەمترین زیان لە ڕێککەوتنەکە بکشێتەوە".

ڕۆژی یەکشەممە، کاتێک وەزیری دەرەوەی وڵاتەکە، محەممەد جەواد زەریف ئامادەی کۆبوونەوەیەکی ئەنجوومەنەکە بوو، هاواریان لێکرد "درۆزن" و لێدوانەکانی ناڕەزایی پەرلەمانتارانی لێکەوتەوە.



‌ئێستا