×


کوردی      English
تۆڕی میدیایی ئێستا
تۆڕی میدیایی ئێستا

حکوومەتی هەرێم لەسەر هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی کۆبووەوە

2020-07-06
کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای چاکسازی
فۆتۆ: سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان
ئێستا - هەولێر
ئێستا
لیژنەی باڵای چاکسازیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی سەرۆکی حکوومەت، مەسرور بارزانی ئەمڕۆ دووشەممە، بەمەبەستی چۆنێتیی جێبەجێکردنی هەنگاوەکانی یاسای چاکسازی کۆبووەوە.

لە ڕاگەیەنراوێکدا کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردووەتەوە ڕایگەیاند، کۆبوونەوەکە لەڕێگەی ڤیدیۆکۆنفرانسەوە بووە، "جێگری سەرۆکوەزیران، قوباد تاڵەبانی و ژمارەیەک لە وەزیرە پەیوەندیدارەکان بەشداربوون، گفتوگۆ دەربارەی هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی و ڕەشنووسی ژمارەیەک پەیڕەوی تایبەت بە چاکسازی کراوە".

هەروەها لە ڕاگەیەنراوەکەی سەرۆکایەتیی حکوومەتی هەرێمدا هاتووە، "دوای گفتوگۆکردن لەبارەی ڕەشنووسی چەند پەیڕەوێکی ناوخۆ کە لە پێناو ئاسانکاریکردن بۆ جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی ئامادەکراون، تێبینی و سەرنجی پێویست لەلایەن بەشداربووانەوە خرانەڕوو، پاشان بڕیاردرا لە کۆبونەوەی داهاتووی ئەنجوومەنی وەزیران پەسەند بکرێن".

یاسای چاکسازی لە خانەنشینی، مووچە، دەرماڵە، بەخشین و ئیمتیازاتەکانی دیکە، یەکێکە لە پڕۆژەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕۆژی 11ی کانوونی یەکەمی 2019 پرۆژەیاساکە لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی حکوومەتی هەرێمەوە پەسەندکرا، ڕۆژی 12ی کانوونی دووەمی 2019 ڕەوانەی پەرلەمانی کوردستان کرا، ڕۆژی 16ی کانوونی دووەمی 2020، لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە بە دەنگی 89 پەرلەمانتار پڕۆژە یاساکە پەسەندکرا، ڕۆژی 3ی شوباتیش لەلایەن سەرۆکی هەرێمەوە پەسەندکرا.



‌ئێستا