×


کوردی      English
تۆڕی میدیایی ئێستا
تۆڕی میدیایی ئێستا

سەندەی تایمز: چین لە ساڵی 2013ـەوە نموونەیەکی هاوشێوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای دۆزیوەتەوە

2020-07-06
دکتۆر شی ژێنگلی لە تاقیگەکانی پەیمانگای ووهان بۆ ڤایرۆسناسی
فۆتۆ: فرانس پرێس
ئێستا - سەندەی تایمز + زە سەن
ئێستا
ڕۆژنامەی سەندەی تایمزی بەریتانی، ڕۆژی شەممە، ئاشکرای کرد زانا چینییەکان حەوت ساڵ لەمەوپێش زنجیرەیەکی ڤایرۆسیی هاوشێوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێیان دۆزیوەتەوە و لە تاقیگەکانی ووهاندا هەڵگیان گرتووە.

ڕۆژنامەی زە سەن، بە پشتبەستن بە بنکۆڵکارییەکی ڕۆژنامەی سەندەی تایمز، ئەوەی خستەڕوو نزیکترین زنجیرەی ڤایرۆسیی لە کۆرۆنای نوێوە، لە ساڵی 2013 لە کانێکی مس لە باشووری ڕۆژاوای چین دۆزراوەتەوە، "کە بە بەهێزترین سەرەداو دادەنرێت بۆ زانینی سەرچاوەی پەتا جیهانییەکە".

شەش مانگ پێش دۆزینەوەی، لە ساڵی 2012 شەش کرێکار لە کانەکە تووشی تا و کۆکە و نیشانەکانی کۆرۆنا بوون.

دکتۆر شی ژێنگلی، کە لەنێو هاوکارەکانی لە پەیمانگای ووهان بۆ ڤایرۆسناسی بە "ژنە شەمشەمەکوێرە" ناسراوە، لە مانگی شوباتی ئەم ساڵدا بەهاوبەشی لێکۆڵینەوەیەکی زانستیی تێروتەسەلیان لەسەر ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ کرد، ئەویش بەپێی ئەو زانیارییانەی تاوەکو ئەوکات بەردەست بوون.

سەرەڕای خستنەڕووی وەسفکردنی جێنێتیکی تەواوی ڤایرۆسەکە، لێکۆڵینەوەکە، کە لە ڕۆژنامەی زانستیی نەیچەر (Nature) بڵاوبووەوە، ئاشکرای کرد پەیمانگاکە نموونەیەکی شەمشەمەکوێرەیان بەناوی RaTG13 هەڵگرتووە و لە سەدا 96.2 هاوشێوەی ڤایرۆسی کۆرۆنایە.

بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی واشنتن پۆست، باڵیۆزی ئەمریکا لە پەکین، مانگی کانوونی دووەمی ساڵی 2018، واشنتنی ئاگادارکردووەتەوە لەوەی لە تاقیگەکانی پەیمانگای ووهان بۆ ڤایرۆسناسی، سەلامەتیی گونجاو نییە و توێژینەوەی مەترسیدار و ترسناک لەسەر "ڤایرۆسی کۆرۆنای ناو شەمشەمەکوێرە" دەکەن.

سەرەتای مانگی کانوونی دووەم، ڤایرۆسی کۆرۆنا لە شاری ووهان لە ناوچەی هوبێی چین بڵاوبووەوە، ئەوکات بە یەکەم شوێنیان دانا ڤایرۆسەکەی تێدا بڵاوبووبێتەوە.

بەپێی ئامارە فەرمییەکان، لە ئێستادا نزیکەی 11 ملیۆن و 500 هەزار کەس لە جیهاندا تووشی کۆرۆنا بوون، لەو ژمارەیەش زیاتر لە 530 هەزار کەس بەهۆی ڤایرۆسەکەوە مردوون. سەرەڕای چاکبوونەوەی نزیکەی 6 ملیۆن و 500 هەزار کەسیش.



‌ئێستا