×


کوردی      English
تۆڕی میدیایی ئێستا
تۆڕی میدیایی ئێستا

فەڵەستین: ئامادەین بەپێی بنەما نێودەوڵەتییەکان دانوستان بکەین

2020-07-06
مەحموود عەباس، سەرۆکی فەڵەستین
فۆتۆ: گێتی ئیمەیجز
ئێستا - وەفا
ئێستا
سەرۆکی فەڵەستین، مەحموود عەباس، درەنگانی شەوی ڕابردوو، ڕایگەیاند ئامادەن دانوستان لەگەڵ ئیسرائیل بکەین بەپێی بنەما ڕەوا نێودەوڵەتییەکان و سەرپەرشتیی لیژنەی چواریی نێودەوڵەتی.

مەحموود عەباس لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ڕاوێژکاری ئەڵمانیا، ئەنگێلا مێرکل، کە ئاژانسی وەفای فەڵەستینی ناوەڕۆکەکەی بڵاوکردەوە، پیرۆزبایی لە بەرلین کرد لەسەر وەرگرتنی سەرۆکایەتیی سەرۆکایەتیی یەکێتیی ئەورووپا، هەروەها هیواشی خواست، "ئەم دەستکەوتە ببێتە هۆکارێک بۆ هێنانەدیی سەقامگیری و پاڵپشتیکردنی یاساکان و ڕەوایەتیی نێودەوڵەتی".

عەباس سوپاسی هەڵوێستی ئەڵمانیاشی کرد، لە پاڵپشتیکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان و بڕیارە ڕەواکانی ئەنجوومەنی ئاسایش، بەتایبەتی لەبارەی دەستبەسەرداگرتنی خاکە "داگیرکراوەکان".

سەرۆکی فەڵەستین ئامادەییشی دەربڕی بۆ دانوستان لەگەڵ لایەنی ئیسرائیلی، ئەویش "بەپێی بنەما ڕەوا نێودەوڵەتییەکان و بە سەرپەرشتیی لیژنەی چوارینەی نێودەوڵەتی"، کە لە ئەمریکا، ڕووسیا، یەکێتیی ئەورووپا و نەتەوە یەکگرتووەکان پێکدێت.

لای خۆشیەوە ڕاوێژکاری ئەڵمانیا جەختی لەسەر هەڵوێستی وڵاتەکەی کردەوە، "کە پاڵپشتیی ئاشتی دەکات لەسەر بنەمای چارەسەری دوو دەوڵەتەکە و پابەندبوون بە یاسا نێودەوڵەتییەکان".

ئەنگێلا مێركل ئاماژەی بە گرنگیی دانیشتنی هەردوولا کرد لەسەر مێزی دانوستان، "بەوپێیەی هێنانەدی ئاشتی لە ناوچەکە گرنگە و کاریگەریی گەورەشی لەسەر سەقامگیریی نێودەوڵەتی دەبێت".

بەپێی ڕێککەوتنەکە حکوومەتی ئیسرائیل دەتوانێت لە 1ی تەمووزەوە پلانی دەستبەسەرداگرتنی کەناراوی ڕۆژاوا، کە بەپێی گرێبەستی سەدە دەبێت نیوە زیاتری لەژێر دەسەڵاتی تەلئەبیب بێت، ئاڕاستەی پەرلەمان بکەن.

سەرۆکی فەڵەستینیش، مەحموود عەباس ڕایگەیاندبوو کە بەهۆی نیازی ئیسرائیل بۆ جێبەجێکردنی پلانەکانی، هەموو ڕێککەوتن و لێکتێگەیشتنەکانی لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمریکا کۆتایی پێهێناوە.

لە سەرەتای ڕاگەیاندنی گرێبەستی سەدە لەلایەن سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپەوە لە کۆتایی مانگی کانوونی دووەم، فەڵەستینییەکان ڕێککەوتنی ئاشتییان ڕەتکردەوە و بە زیانی خاكی "دەوڵەتی فەلەستین" لەقەڵەمیاندا. چونکە پێیان وایە، "دەسەڵاتدارانی تەلئەبیب هەموو ئەو کۆمەڵگە نیشتەجێکراوە ئیسرائیلییانە دەخەنە سەر خاکی ئیسرائیل، کە لە جەنگی 1967ـدا بونیاتیاننان".



‌ئێستا