×


کوردی      English
تۆڕی میدیایی ئێستا
تۆڕی میدیایی ئێستا

ئاوی سلێمانی: تێچووی چاککردنەوەی ئاوی سەرچنار ڕەوانە نەکرێت ئامێرەکانی دیکەشمان لەکاردەکەون

2020-07-06
دیمەنی شکانی بۆرییەکەی پرۆژەی ئاوی سەرچنار
فۆتۆ: بژار دەباغ
ئێستا - سلێمانی
ئێستا
بەڕێوەبەری گشتیی ئاوی سلێمانی، سەربەست عوسمان، ئەمڕۆ دووشەممە، ئاشکرای کرد بە شێوەیەکی کاتی چارەسەری شکانی بۆریی ئاوی سەرچناریان کردووە، بەڵام ئەگەر تێچووی جاککردنەوەی تەواوەتی ئەو بۆرییە دابین نەکرێت ئامێرەکانی دیکەشمان لەکاردەکەوێت.

لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی میدیایی ئێستا، بەڕێوەبەری گشتیی ئاوی سلێمانی، سەربەست عوسمان ئاماژەی بەوە کرد، ئەو بۆرییە ئاوەی لە سەرچنار شکا، زیانی ماددی زۆری پێگەیاندووین، لەگەڵ ئەوەشدا توانیوومانە بە 10 کاتژمێر کارکردنی بەردەوام لەسەری بەشێوەیەکی کاتی چاکی بکەینەوە".

سەربەست عوسمان وتیشی، "شکانی ئەو بۆرییە زیانی بە زۆرینەی ئامێر و کەلوپەلەکانمان گەیاندووە، هەروەها ئاو چووەتە ناوییەوە، تاوەکو ئێستاش لە بەدواداچوونداین بۆ خەمڵاندنی زیانەکان، داواشمان لە وەزارەتی دارایی کردووە بڕە پارەی پێویست بۆ چاککردنەوەی ئەو زیانانە تەرخان بکات، بەڵێنیان پێداوین بەڵام هێشتا هیچ شتێکمان پێنەگەیشتووە لەسەر ئەو بڕە پارەیەی بۆمان ڕەوانە دەکرێت".

بەڕێوەبەری ئاوی سلێمانی ڕایگەیاند، "ئەگەر وەزارەتی دارایی بە زووترین کات بڕە پارەی پێویست بۆ چاککردنەوەی زیانەکان ڕەوانە نەکات، ئەوەشی چاکمان کردووەتەوە و ئەو ئامێرانەشی ئێستا کاریان پێدەکەین بۆ چارەسەرکردنی بێئاوبوونی هەندێ شوێنی سلێمانی، لەکار دەکەون، چونکە فشاری زۆر دەکەوێتە سەریان و زیاتر لە توانای خۆیان کاریان پێدەکرێت".

سەبارەت بە بێ ئاو بوونی چەند گەڕەکێکی سلێمانی سەربەست عوسمان جەختی لەوە کردەوە، "ئەمڕۆ لە ڕێگەی هەندێک لەو چاککردنەوانەی کردوومانە %80ی ئەو گەڕەکانە ئاوی خواردنەوەیان پێدەگات و ئەوەی دیکەشی بۆ سبەینێ ئاویان بۆ دەڕوات".

دوێنێ یەکشەممە، لە پرۆژەی ئاوی سەرچنار، یەکێک لە بۆرییەکانی دابەشکردنی ئاو شکا، دواتریش پارێزگاری سلێمانی، هەڤاڵ ئەبوبەکر ڕایگەیاند، ماوەی 10 ڕۆژ هەندێک لە گەڕەکەکانی سلێمانی بێئاو دەبن.



‌ئێستا