×


کوردی      English
تۆڕی میدیایی ئێستا
تۆڕی میدیایی ئێستا

سوپای پاسداران: چەندین شاری ژێرزەمینی پڕمووشەکمان لە کەناراوەکانی کەنداودا بونیاتناوە

2020-07-06
دیمەنی کۆگایەکی چەکی ئێران
فۆتۆ: CGTN
ئێستا - ئاژانس و ڕۆژنامەکان
ئێستا
فەرماندەی هێزە دەریاییەکانی ئێران، ئادمیڕاڵ عەلی ڕەزا تەنگەسیری، دوێنێ یەکشەممە، ڕایگەیاند هێزەکانی بۆشایی ئاسمان شارگەلێکی مووشەکی ژێرزەمینییان بە درێژایی کەناراوی کەنداودا بونیاتناوە، کە مووشەکی زەمین بۆ دەریاشی تێدایە.

عەلی ڕەزا تەنگسیری لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ هەفتەنامەی "سوبحی سادقی" ئێرانی، ئاماژەی بەوە کرد، "دوژمن ئاگاداری ئەم کۆگا مووشەکییانەمانە، بەڵام زانیارییەکانیان ورد نییە لەبارەیەوە. شارەکان بە هۆشداری و بڕیاری دەسەڵاتدارە ئێرانییەکان دەخرێنەڕوو".

ئەم شارانە، بە وتەی تەنگسیری، ژێرزەمینین و بە درێژایی کەناراوی کەنداوەکانی فارس/عەرەب و عومماندا بونیاتنراون، "چەندین جۆری مووشەکیان تێدا هەڵگیراون، لەوانەش مووشەکی وشکانی بۆ دەریا".

فەرماندەکە ئاشکراشی کرد، "هێزە دەریاییەکانی سەربە سوپای پاسداران لە هەموو شوێنێکی کەنداوی فارس/عەرەب و کەنداوی عومماندا ئامادەییان هەیە، لە هەموو شوێنێک کە تەنانەت دوژمن بیریشی لێ نەکردوونەتەوە".

بەپێی هەواڵێکی ڕۆژنامەی تایمز ئۆڤ ئیزرائیلیش، فەرماندەکەی پاسداران هۆشداری داوە لەوەی چاودێری سەرجەم ئەو بەلەم و کەشتییانە دەکەن کە بە گەرووەکەدا تێدەپەڕێت.

تەنگسیری پێداگریشی کرد لەوەی "هەموو کەناراوەکان پڕچەک کراون، شارە ژێرزەمینییەکان و سوپای پاسدارانیش بە چەندین یەکەی بەرگریکردنەوە، بەکەناراوەکانی باشووردا بڵاوکراونەتەوە".



‌ئێستا