×


کوردی      English
تۆڕی میدیایی ئێستا
تۆڕی میدیایی ئێستا

سلێمانی.. خاوەنپێداویستییەکی تایبەت خۆی سووتاند

2020-06-29
هەواڵ
فۆتۆ: ئێستا گرافیک
ئێستا - سلێمانی
ئێستا
خاوەنپێداویستییەکی تایبەت، ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە، لە شاری سلێمانی بەنزینی بەخۆیدا کرد و ئاگری لەخۆی بەردا.

سەرۆکی یەکێتیی کەمئەندامانی کوردستان، سامان حسێن لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ تۆڕی میدیایی ئێستا، لەبارەی ڕووداوەکەوە وتی، "ئەو کەسەی ئەم ئێوارەیە خۆی سووتاند کەسێکی خاوەنپێداویستیی تایبەت بووە، خێزاندارە، لە باخی گشتیی سلێمانی ئاگری لەخۆی بەردا و خۆی سووتاند".

سامان حسێن وتیشی، "هۆکاری خۆسووتاندنەکەی بەهۆی ئەوە بووە کە گوزەرانی خراپە و ماوەی دوو مانگە مووچەی کەمئەندامان نەدراوە، بۆیە چاوەڕێ بکەن حاڵەتی زیاتری لەو جۆرەش دەبینن".

لەبارەی باری تەندروستیی ئەو خاوەنپێداویستییە تایبەتە ئاشکرایکرد کە تاوەکو ئێستا گیانی لەدەستنەداوە و ئەوانیش لیژنەیەکیان ناردووە بۆ بەدواداچوونی ڕووداوەکە.

سەرۆکی یەکێتیی کەمئەندامان ئاماژەی بەوەش کرد کە "گوزەرانی کەمئەندامان زۆر خراپە، ڕۆژانە چەندین نامەمان بۆ دەنێرن دەڵێن کە خۆیان دەکوژن یاخود دەڵێن چەند ڕۆژە نانی ئاسایی لە ماڵەکانیان نییە، بۆیە داوا لە حکوومەت و وەزارەتی دارایی دەکەین مووچەی کەمئەندامان بهێنێتە پێشەوە."

هەر ئەمڕۆش یەکێتیی کەمئەندامان نامەیەکیان ئاڕاستەی وەزارەتی دارایی کرد و تێیدا داوایان کرد کە لە لیستی دابەشکردنی مووچەدا کەمئەندامان بهێنرێتە پێشەوەی لیستەکە.



‌ئێستا