×


کوردی      English
تۆڕی میدیایی ئێستا
تۆڕی میدیایی ئێستا

بڵێسە جەبار فەرمان: هەرێمی کوردستان قەوارەیەکی دەستوورییە و هەڵناوەشێتەوە

2020-06-29
بڵێسە جەبار فەرمان، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
فۆتۆ: Social Media
ئێستا - سلێمانی
ئێستا
ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بڵێسە جەبار فەرمان، ئەمڕۆ دووشەممە، وتی کە هەرێمی کوردستان قەوارەیەکی دەستوورییە و بە کەس هەڵناوەشێتەوە.

بڵێسە جەبار فەرمان، لە پەیجی تایبەتی خۆی لە فەیسبوک بابەتێکی لەسەر پرسی قەوارەی هەرێمی کوردستان، چاکسازی و کاری هاوبەشی لایەنەکان بڵاوکردووەتەوە و لە میانیدا نووسیویەتی، "بە دروستکردنی بابەتی جەدەل لەسەر قەوارەی ھەرێم و دژە ھەرێم خەڵک چەواشە مەکەن. ھەرێمی کوردستان دەستوورییە و بە کەس ھەڵناوەشێتەوە."

ناوبراو لە دەسپێکی پۆستەکەیدا لە فەیسبوک نووسیویەتی، "ھەڵوەشاندنەوەی ھەرێمی کوردستان گۆڕینی دەستوور و ڕاپرسی گەرەکە، کە لەم ھەلومەرجەی عێراق پێیدا تێدەپەڕێت سەختە و بگرە مەحاڵە."

لەبارەی گواستنەوەی مووچەی فەرمانبەرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆسەر حکوومەتی فیدراڵ، بڵێسە جەبار فەرمان تیشکی خستووەتە سەر ئەوەی کە، "بە لێدوانی سەیروسەمەرە لەسەر مووچە و گواستنەوەی مووچە بۆسەر بەغداد خەڵکی مەخەڵەتێنن. ھەموو کەسێکی ئیداری دەزانێت کە ئەمە مەسەلەیەکی ئیداری و میلاکاتە و ھەر فەرمانبەرێک سەر بە وەزارەتێکە و میلاکی ھەیە لەسەر وەزارەتەکەتی، بۆ گواستنەوەی مووچە دەبێت میلاک بگوێزریتەوە. واتا دەبێت میلاکی تاک بە تاکی فەرمانبەرانی ھەرێم بگوێزرێنەوە بۆ سەر وەزارەتەکانی مەرکەز. ئەمەش بێجگە لەوەی گۆڕینی بەرێوەبەرایەتییەکان دەگەیەنێت و بێنانکردنی ئەو ھەموو فەرمانبەرانەی لە وەزارەتەکاندا کاردەکەن، ھەڵوەشاندنەوەی حکوومەتی ھەرێمیش دەگەێنێت کە وەکو ئاماژەم پێدا ھەرێم دەستووریە و بەبێ گۆڕینی دەستووری عێراق و ڕاپرسی ئەمە ناکرێت."

ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق "تکا"ی کردووە کە خەڵکی هەرێمی کوردستان سەرقاڵ مەکەن بەو لێدوانانەی کە "هیچ بنەمایەکی یاسایی و ئیدارییان نییە."

لەبارەی پرسی چاکسازی لە هەرێمی کوردستان، بڵێسە جەبار فەرمان داواشی کردووە کە "یەکتری بە دژی یاسای چاکسازی تەخوین مەکەن"، ڕاشیگەیاندووە "چاکسازی بە بڕینی نانی چەند کەسێک ناکرێت کە خێزان و منداڵیان ھەیە، چاکسازی بە شەفافیەتی داھات و گەڕانەوەی داھات بۆ خەزێنەی دەوڵەت دەکرێت."

لە کۆتایی نووسینەکەیدا، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بڵێسە جەبار فەرمان داوای لە هەموو لایەن و حزبەکانی هەرێمی کوردستان کردووە "وەرن پێکەوە خەونی دوژمنەکان بۆ پەرتەوازەیی کورد لە گۆڕ بنێین و چارەسەری ڕیشەیی بدۆزینەوە."



‌ئێستا