×


کوردی      English
تۆڕی میدیایی ئێستا
تۆڕی میدیایی ئێستا

ئەمریکا و سعودیە داوایان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد گەمارۆی چەککڕینی ئێران درێژبکرێتەوە

2020-06-29
برایان هووک و عادل ئەلجوبەیر
فۆتۆ: ڕۆیتەرز
ئێستا - ڕۆیتەرز + نەشناڵ
ئێستا
بەرپرسانی باڵای ئەمریکا و سعودیە، ئەمڕۆ دووشەممە، داوایان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد گەمارۆی چەککڕینی سەر ئێران درێژبکەنەوە، ڕاشیانگەیاند ڕێگەدان بە بەسەرچوونی وادەی گەمارۆکە، ڕێگە بۆ تاران خۆشدەکات چەکی زیاتر بۆ بریکارەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بگوازێتەوە و سەقامگیریی ناوچەکە تێکبدات.

بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی ڕۆیتەرز، وەزیری دەرەوەی سعودیە، عادل ئەلجوبەیر لە کۆنگرەیەکی هاوبەشدا لەگەڵ نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری ئێران، برایان هووک لە شاری ڕیاز وتی، "سەرەڕای بوونی گەمارۆی چەککڕین، ئێران هەوڵدەدات چەک بە گرووپە تیرۆریستییەکان بدات، ئەی ئەگەر گەمارۆکە لابرا چی ڕوودەدات؟ تاران دوژمنکارتر و توندتر دەبێت".

گەمارۆی چەککڕینی سەر ئێران بە بڕیاری ژمارە 2231ی ئەنجوومەنی ئاسایش، لە ساڵی 2015 بەسەر تاراندا سەپێنرا، وادەکەشی تاوەکو مانگی ئۆکتۆبەری ئەم ساڵە و دواتر بەسەردەچێت.

عادل ئەلجوبەیر ئاماژەی بە نموونەیەکی هەوڵەکانی تاران کرد بۆ تێکدانی سەقامگیریی ناوچەکە، "ئەم یەکشەممەیە بڕێک چەکی گواستراوەی ئێران بۆ حوسییەکانی یەمەن، دەستی بەسەردا گیراوە". لە کۆنگرەکەشدا وێنەکانیان پیشاندران، کە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەک بوون.

ئەلجوبەیر داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش کرد، "گەمارۆی چەککڕین و چەکفرۆشتنی سەر ئێران درێژبکرێتەوە".

ماڵپەڕی ناشناڵ ناوەڕۆکی قسەکانی برایان هووکی لە کۆنگرە هاوبەشەکەدا بڵاوکردەوە، کە سەبارەت بە گواستنەوەی چەکی ئێران وتی، "تاران بە قاچاخ چەک دەگوازێتەوە، بەڵام ئەگەر گەمارۆکە کۆتایی بێت، بە ڕۆژی ڕووناک دەینێرێت بۆ بریکارەکانی".

نێردەکەی واشنتن جەختیشی کردەوە کە دەبێت وڵاتانی ناوچەکە بە یەک دەنگ، "داوا لە ئەنجوومەنی ئاسایش بکەن گەمارۆکە درێژبکەنەوە، چونکە هیچ کەس نییە پێی وابێت چەکی ئێران بۆ ناوچەکە گرنگە".

بەرپرسە ئەمریکییەکە سەبارەت بە ستراتیجی وڵاتەکەی بۆ سنوردارکردنی توانای ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاشکرای کرد، "لە ئەنجامی ستراتیجەکانمان سەرچاوەی بودجەی حزبوڵڵا کەمکراوەتەوە، بەوپێیەی تاران لە سەدا 75ی بودجەی کارکردنیانی تەرخانکردبوو".

"ئەو سەردەمە کۆتایی هات و حزبوڵڵا دەستی کردووە بە کۆکردنەوەی هاوکاری و خێر بۆ ئەوەی کورتهێنانەکانی پڕبکاتەوە. گومانیش دەکەم بتوانن سەرکەوتوو بن".

برایان هووک تیشکی خستە سەر بارودۆخی عێراق، سەرنجی بۆ ئەوە ڕاکێشا کە ئێران "نایەوێت عێراق سەروەری و سەقامگیری هەبێت و بەهێز بێت، پێم وایە گەلی عێراقیش وردەوردە لەوە تێدەگەن. خۆشحاڵیشین بەو هەنگاوە سەرەتاییانەی ناویانە بۆ وەستاندنی دەستوەردانی ئێران لە وڵاتەکە".

لە ئێستادا هەر یەکە لە ئەمریکا و ڕووسیا، بەئاشکرا دژی هەوڵەکانی ئەمریکا وەستاونەتەوە بۆ درێژکردنەوەی گەمارۆکە. لەلایەکی دیکەشەوە فەڕەنسا و ئەڵمانیا و بەریتانیا، ئەگەرچی پاڵپشتیی درێژکردنەوەی تەواوەتی ناکەن، ناشیانەوێت بەتەواوەتی لابچێت، بەڵکو دەیانەوێت بەپێی هەندێک مەرج و پێودانگی نوێ بێت.



‌ئێستا