×


کوردی      English
تۆڕی میدیایی ئێستا
تۆڕی میدیایی ئێستا

شاندی باڵای یەکێتی و کۆمەڵ کۆبوونەوە

2020-06-29
بافڵ تاڵەبانی و عەلی باپیر
فۆتۆ: ئێستا
ئێستا - هەولێر
ئێستا
شاندی باڵای یەکێتیی نیشتمانی کوردستان، بە سەرۆکایەتیی بافڵ تاڵەبانی، ئەمڕۆ دووشەممە، سەردانی ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامی کوردستانی کرد و لەسەر ئاستی باڵا کۆبوونەوە.

پەیامنێری تۆڕی میدیایی ئێستا لە هەولێر، ئەیوب عەلی ڕایگەیاند، شاندەکەی یەکێتی هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان، بافڵ تاڵەبانی سەرۆکایەتیی کرد و هەریەکە لە دەرباز کۆسرەت ڕەسوڵ و ئاراس شێخ جەنگی و سۆران جەمال تاهیر ئەندامی شاندەکە بوون.

شاندەکە لەلایەن ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامی عەلی باپیر و ئەندامانی مەکتەبی سیاسی کۆمەڵی ئیسلامی پێشوازیان لێکرا و کۆبوونەوە.

بەپێی ڕاگەیەندراوێک کە کۆپییەکی گەیشتووە بە تۆڕی میدیایی ئێستا، لە کۆبوونەوەکەدا یەکێتیی و کۆمەڵ ڕاشکاوانە لەبەر ڕۆشنایی ئەو گۆڕانکارییانەی ھاتوونەتە پێش دید و بۆچوونەکانیان خستەڕوو، ھەڵسەنگاندن بۆ ئەگەرەکان کرا و چەندین دەرچە و میکانیزم خرانەڕوو بۆ دەربازبوون لەو بارودۆخەی دووچاری ھەرێم بووەتەوە.

ھەر لەکۆبوونەوەکەدا "یەکێتی تەئکیدی لە سیاسەتی بڕیارلێدراوی کردووەتەوە بۆ دەربازبوونی ھەرێم لەم دۆخە چەقبەستووەی تێیکەوتووە و ڕایانگەیاندووە بەھەماھەنگی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان و کۆدەنگی نیشتمانی دەتوانرێت سەرکەوتوو بین بەسەر تەحەددییەکان و لەم دۆخە سەختەدا ژیان و گوزەرانی کۆمەڵانی خەڵک باشتربکەین."

بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری تۆڕی میدیایی ئێستا، ئەم سەردانانەی لایەنەکان لە یەک کاتدا بۆ سازکردنی زەمینەی ئەنجامدانی کۆبوونەوەی هەمەلایەنە و پێنجقۆڵیی لایەنەکانە.

لەلایەکی دیکەوە، هەر ئەمڕۆ شاندی باڵای بزووتنەوەی گۆران بە سەرۆکایەتیی ڕێکخەری گشتیی بزووتنەوەکە، عومەر سەید عەلی، سەردانی هەریەکە لە کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستانیان کرد.



‌ئێستا