×


کوردی      English
تۆڕی میدیایی ئێستا
تۆڕی میدیایی ئێستا

سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی: ئەگەر تەندروستیی سلێمانی پێشنیازی قەدەغەی هاتوچۆ بکات بڕیاری لەسەر دەدەین

2020-06-29
تەزبیحفرۆشێک لە ناوبازاڕی سلێمانی
فۆتۆ: سەرتیپ عوسمان
ئێستا - سلێمانی
ئێستا
سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی و ئەندامی لیژنەی ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە سلێمانی، ئازاد حەمەئەمین، ئەمڕۆ دووشەممە ڕایگەیاند، ئەگەر تەندروستیی سلێمانی بە پێویستی بزانێت قەدەغەی هاتوچۆ یان هەر ڕێکارێکی دیکە ڕادەگەیەنین.

لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی میدیایی ئێستا، ئەندامی لیژنەی ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە سلێمانی، ئازاد حەمەئەمین وتی، پێشتر لە بەرواری 20ی حوزەیران لیژنەی ڕووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا بڕیاری ژمارەیەک ڕێکاری نوێیدا بەمەبەستی کەمکردنەوەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا کە تاوەکو بەرواری 4ی تەمووز کاریپێدەکرێت.

سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی وتیشی، "تاوەکو ئێستا بڕیاری کۆبوونەوەی دیکەی لیژنەکە نەدراوە، بەڵام پێمانباشە بەرلە کۆتاییهاتنی وادەی بڕیارەکانی پێشتری لیژنەی ڕووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا کۆبوونەوەیەکی دیکە بکرێت، ئەوکاتە ئەگەر تەندروستیی سلێمانی هەر پێشنیارێکی کرد بۆ کەمکردنەوەی تووشبوون بە کۆرۆنا ئەگەر قەدەغەی هاتوچۆ بێت یان هەر پێشنیهارێکی دیکە بڕیاری لەسەر بدرێت".

پێشتر لە بەرواری 20ی حوزەیران لیژنەی ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بڕیاریدا بە ژمارەیەک ڕێکاری نوێ لە پێناو کەمکردنەوەی مەترسییەکانی کۆرۆنا لەوانە ڕاگرتنی دەوامی فەرمانگەکان و قەدەغەی هاتوچۆی ئۆتۆمبێل لەناو بازاڕی شاری سلێمانی و بڕیارەکانیش تاوەکو 4ی تەموز کاری پێدەکرێت.



‌ئێستا