×


کوردی      English
تۆڕی میدیایی ئێستا
تۆڕی میدیایی ئێستا

ترەمپ: ڕاپۆرتی خەڵاتکردنی میلیشیاکانی تاڵیبان لەلایەن ڕووسیا جێمتمانە نین

2020-06-29
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا
فۆتۆ: گێتی ئیمەیجز
ئێستا
ئێستا
سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ، دوێنێ یەکشەممە، ڕایگەیاند ڕاپۆرتی هەواڵگریی سەبارەت بە خەڵاتکردنی میلیشیاکانی بزووتنەوەی تاڵیبانی لەلایەن ڕووسیا، پێنەگەیشتووە، چونکە بەپێی پێویست "جێمتمانە نەبووە".

ڕۆژی 27ی حوزەیران، نیویۆرک تایمز بە پشتبەستن بە ژمارەیەک بەرپرسی هەواڵگریی ئەمریکی، لە ڕاپۆرتێکدا ئاشکرای کرد یەکە هەواڵگرییە ڕووسییەکان لە ئەفغانستان خەڵاتی میلیشیاکانی سەربە تاڵیبانیان کردووە، لەسەر کوشتنی سەربازەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لەو وڵاتە.

دۆناڵد ترەمپ ڕەتیکردەوە هیچ ڕاپۆرتێکی لەوبارەوە پێگەیشتبێت، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تویتەریش نووسی، "دەزگا هەواڵگرییەکان پێیان ڕاگەیاندم کە ڕاپۆرتەکە جێی متمانە نەبووە، لەبەرئەوە ئاڕاستەی من یان جێگرەکەم مایک پێنسیان نەکردووە".




لە درێژەی تویتەکەشیدا ئاماژەی بەوە کرد، "ڕەنگە ئەمەش تەنها نوکتەیەکی دروستکراو بێت لەسەر ڕووسیا، یان ئەگەری ئەوە هەیە ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز بیەوێت لەڕێی ئەم هەواڵە ساختەیەوە کۆمارییەکان ناشرین بکات".

وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا لە وەڵامی ڕاپۆرتەکەدا، لەبری قسەکردن لەسەر ڕۆژنامەکە، ڕووی پەیامەکی کردە دەزگای هەواڵگری ئەمریکی و بە "ئاستنزم" وەسفی کرد، کە پڕوپاگەندە و هەواڵی ناڕاست بڵاودەکاتەوە. "ئیدی چی لە دەزگایەکی هەواڵگری چاوەڕوان بکرێت کە 20 ساڵە لە شەڕی ئەفغانستاندا شکستی هێناوە و بێزاری دەکات".

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتەکەدا هاتووە، "دەزگای هەواڵگریی ئەمریکی لە ئەفغانستان لە بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر و بەرتیلدان بە میلیشیاکان تێوەگلاون، تاوەکو ڕێگە بە کەژاوەکانیان بدەن تێبپەڕن...لیستی کارەکانیان زۆر لەوە زیاترە و ئەگەر بتانەوێت بەردەوام دەبین".



‌ئێستا