×


کوردی      English
تۆڕی میدیایی ئێستا
تۆڕی میدیایی ئێستا

ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا: هێزی سەربازیی دیکەمان هەیە ئەگەر دۆخەکە لە کۆنترۆڵ دەرچوو

2020-05-31
سووتاندنی بارەگای پۆلیسی شاری مینیاپۆلیس لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە، ئەمریکا
فۆتۆ: Time
ئێستا - ئەمریکا
ئێستا
ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا، ڕۆبێرت ئۆبراین، ئەمڕۆ یەکشەممە، وتی کە ئیدارەی سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ لە کاتی ئێستادا دەسەڵاتی فیدڕاڵیی خۆی بۆ زیادکردنی ژمارەی "گاردی نیشتمانی" بەکارناهێنێت، لەکاتێکدا خۆپیشاندانەکان لە چەندان شاری ئەمریکا لە دژی خنکاندنی پیاوێکی ڕەشپێست لە شاری مینیاپۆلیس لەلایەن پۆلیسێکەوە، بەردەوامی هەیە.

بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی ڕۆیتەرز، ئۆبراین لە کۆشکی سپی بە ڕۆژنامەوانانی وتووە کە "لە کاتی ئێستادا دەسەڵاتی فیدراڵی بۆ زیادکردنی ژمارەی گاردی نیشتمانی بەکارناهێنین، بەڵام ئەگەر بارودۆخەکە خواستی، ئەوا هێزی سەربازیی دیکەمان هەیە و دەیاننێرین... ئەگەر حاکمی ویلایەتەکان و سەرۆکی شارەوانییەکان پێویستیان بێت یان دۆخە لە کۆنترۆڵیان دەربچێت".

ڕاوێژکارەکەی ئاسایشی نیشتمانی ئەوەشی وتووە کە بڕیاری جێبەجێکردنی یاسا لەدەست حاکمی ویلایەتەکان و سەرۆکی شارەوانییەکاندایە.

ڕۆبێرت ئۆبراین جەختیشی لەوە کردووەتەوە کە "حاکمی ویلایەتەکان و سەرۆکی شارەوانییەکان هەرچییەکیان پێویست بێت بۆ کۆنترۆڵکردنی شارەکانیان، بۆیان دەڕەخسێنین".

لە ڕۆژانی ڕابردوودا و دوای مردنی جۆرج فلۆید، ئەو پیاوە ڕەشپێستەی ملی لەژێر ئەژنۆی پۆلیسێکی شاری مینیاپۆلیسدا بوو و بەهۆیەوە خنکا، خۆپیشاندان و تووڕەیی بەشیک لە ئەمریکییەکان دەستیپێکرد و گەیشتە ئەو ڕادەیەی چەندان شوێن و بارەگای پۆلیس بسووتێنن و دەرگای کۆشکی سپی، بۆ ماوەیەکی کاتی، دابخەن.

هەر ئەمڕۆ شەممە، گاردی نیشتمانی لە ڕاگەیەندراوێکدا ئەوەی خستەڕوو کە 5000 هەزار سەرباز و هێزی ئاسمانییان لە 15 ویلایەتی ئەمریکا و واشنتنی پایتەخت، بڵاوەپێکردووە بۆ کۆنترۆڵکردنی خۆپیشاندانەکان و دامرکاندنەوەی تووڕەیی ئەمریکییەکان.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش ئاشکراکراوە کە 2000 سەربازی دیکەی سەربە گاردی نیشتمانی ئامادەی جووڵەپێکردنن، لە کاتی پێویستدا.



‌ئێستا