×


کوردی      English
تۆڕی میدیایی ئێستا
تۆڕی میدیایی ئێستا

مەلا بەختیار: هەتادێت دابڕانی مەترسیدار لەنێوان خەڵك‌ و حكوومەت ڕوودەدات

2020-05-31
مەلا بەختیار، ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
فۆتۆ: پەیجی مەلا بەختیار
ئێستا - سلێمانی
ئێستا
ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، مەلا بەختیار، ئەمڕۆ یەکشەممە، ئاماژەی بەوە کرد کە بەبۆنەی گەندەڵی و سەروەرنەبوونی سەراپاگیری یاسا و قەیرانی دارایی و مووچەوە، هەتادێت دابڕانی مەترسیدار لەنێوان خەڵك‌ و حكوومەت ڕوودەدات.

مەلا بەختیار، لە پەیجی تایبەتی خۆی لە فەیسبوک بابەتێکی لەبارەی ڕووداوی خنکاندنی ڕەشپێستێکی ئەمریکی لەلایەن پۆلیسی ئەو وڵاتەوە و بەراوردکردنی بە دۆخی هەرێمی کوردستان لە ژێر ناوونیشانی "خنكاندنی ڕەشپێستێك ئەمریکای هەژاند، ئەی کورستان؟" بڵاوکردووەتەوە و لە میانیدا باردۆخی سەخت و قابیل بە "هەژان"ی هەرێمی کوردستان خستووەتە بەرباس.

لەبارەی قەیرانەکانی نەبوونی یەدەگ و پاشکەوتی دارایی حکوومەتی هەرێم، سەروەرنەبوونی سەراپاگیری یاسا، قەرزاریی حکوومەت بە خەڵکەکەی و گەندەڵی و نەمانی ڕاستگۆیی لەناو لایەنە سیاسییەکان، مەلا بەختیار نووسیویەتی، "كوردستان هێشتا هەرێمێكی فیدراڵە. بە بودجەی عێراق بەڕێوەدەچێت‌. یەك دۆلار پاشەكەوتی نییە. كیلۆیەك ئاڵتوونی پارسەنگی دراویشی نییە. دەستووری نەنوسیوە. یاسا سەراپا سەروەر نییە. حكوومەت قەرزاری پاشەكەوتی چەندین مانگی مووچەخۆرانە. گەندەڵی بۆگەنی بەرزبووەتەوە. هێز و دەستەی گەندەڵپارێزی تەراتێن دەكەن. هەلپەرستان فەیسبوكیان گەرموگوڕە! هەژاران هەژارتر بوون. بێمتمانەیی قووڵتر بووەتەوە. لایەنی كەمی ڕاستگۆیەتی لەناو لایەنە سیاسییەكاندا نەماوە. ماستاوچییەكان قەزوانیان لە بازاڕ نەهێشتووە بۆ ماستاوی سەرووی خۆیان! بۆیە، هەتادێت، دابڕانی مەترسیدار لەنێوان خەڵك ‌و حكوومەت ڕوودەدات".

لەبارەی ڕاسانی بەشێک لە ئەمریکییەکان و بەراوردکردنی بە هەرێمی کوردستان، مەلا بەختیار نووسیەتی، "لە دۆخێكی ئاوادا، هەستی برینداركراوی خەڵك، لەسەر چزە. لە ئەمریكادا، بەناهەقكوشتنی هاووڵاتییەك قینی خەڵكەكەی بتەقێتەوە و هیچ بەربەستێك ڕێگای ڕاسانیان لێ نەگرێت‌، ئاخۆ، لە كوردستانێكدا، كە لایەنی كەمی ئەو بەربەستە ئابووری، دەستووری، سیاسی، دەسەڵاتدارێتی ‌و سیستمی دیموكراسییەی ئەمریكای نەبێ‌، تاقە ڕووداوێك، چی لە دۆخە قەیراناوییەكەی كوردستان دەكات؟"

ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، مەلا بەختیار جەختی لەوە کردووەتەوە کە دۆخی هەرێمی کوردستان "دەکوڵێت" و کەچی کۆبوونەوەیەکی متمانەبەخشی نێوان لایەنە سیاسییەکان، لە پەرلەمان، لەگەڵ عێراق، چارەسەری مووچە و بودجە لە ئارادا نییە، و ئەوەشی خستووەتە ڕوو کە "ئاوات ناخوازم ڕووداوێکی بچووکی نەخوازراویش لەم نیشتمانەم ڕووبدات. بەڵکو ئومێدم وایە چارەسەر بۆ کێشەکان، لە پێشەوەدا قەیرانی ئابووری بدۆزرێتەوە".

مەلا بەختیار لە کۆتایی نووسینەکەیدا تیشکی خستووەتە سەر ئەوەی ئەگەر دۆخی هەرێمی کوردستان بە چارەسەرنەکراوی بمێنێتەوە ئەوا هیچ دەستەبەرێکی سیاسی-کۆمەڵایەتی بۆ ناخی "بریندارکراوی" خەڵک لە کوردستاندا نییە و وتوویەتی، "دوور نییە، ئەمریكا لە هەشت دەقیقەدا بە كوشتنی هاووڵاتییەك هەژابێ‌، لە كوردستاندا، كەمتریش لەو كاتە، ڕووداوێك، ڕووداوی سیاسیی نەخوازراو بهێنێتە دی! تكایە، لەم ڕاستییە تاڵە تێبگەن.. تكایە!"



‌ئێستا