×


کوردی      English
تۆڕی میدیایی ئێستا
تۆڕی میدیایی ئێستا

دارایی عێراق: تا ڕێککەوتنی کۆتایی نەکرێت هیچ بڕە پارەیەک بۆ هەرێم خەرج ناکرێت

2020-05-31
مووچە
فۆتۆ: .
ئێستا
ئێستا
نووسینگەی وەزیری دارایی عێراق، عەلی عەبدولئەمیر عەللاوی، ئەمڕۆ یەکشەممە، جەختی کردەوە لەوەی بڕێک پارە لە هەژماری بانکیی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندایە، ئاماژەی بەوەش کرد کە بڕیاری خەرجکردنی مووچەکە دابەش دەرناکات، تاوەکو هەرێم لەگەڵ بەغداد نەگاتە ڕێککەوتنی کۆتایی.

نووسینگەی عەلی عەللاوی لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، "هەندێک دەزگای میدیایی زانیاری سەرلێشێونەریان بڵاوکردووەتەوە، سەبارەت بە شێوازی ناردنی 400 ملیار دیناری عێراقی لە ڕۆژی 24ی ئایار بۆ هەژماری بانکیی حکوومەتی هەرێم".

وەزارەتی دارایی جەختیشی کردەوە لەسەر پابەندبوونی بە یاسا و شێوازی کارکردنی لە فەرمانەکانی تایبەت بە خەرجکردنی پارە، ئاماژەی بەوەش کرد، "ئەو بڕەی باس کراوە لە هەژماری حکوومەتی هەرێمدایە بۆ پڕکردنەوەی خەرجییەکانی".

"لەنێویشیدا، مووچەی مانگی نیسانی فەرمانبەران، بەڵام بەپێی ئەو ڕێککەوتنی لەگەڵ هەرێم هەمانە، کە لە نووسراوی ژمارە 802ی ڕۆژی 19ی ئایاری 2020ی وەزارەتی دارایی، دەبێت نوێنەرانی حکوومەتی فیدڕاڵ و حکوومەتی هەرێم لە مانگی حوزەیراندا کۆبوونەوەی چڕ بکەن، بۆ ئەوەی بگەن بە ڕێککەوتنی کۆتایی، ئەویش بە پشتبەستن بە یاسای بەڕێوەبردنی دارایی فیدڕاڵی".

لە ڕاگەیەندراوی وەزارەتی داراییدا هاتووە، "لە نووسراوی ژمارە 802 ئاماژە بەوە کراوە کە خەرجکردنی شاییستەکانی دواتر پەیوەست دەبێت بە گەیشتن بەڕێککەوتنی کۆتایی و جێبەجێکردنی کردەیی ڕێککەوتنەکە".

لە ڕاگەیەندراوەکەشدا سەرنج بۆ ئەوە ڕاکێشراوە کە خودی حکوومەتی هەرێم، بەپێی نووسراوی ژمارە 201ی ڕۆژی 19ی ئایاری 2020ی وەزارەتی دارایی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان، ڕازی بووە بەوەی تاوەکو نەگەن بە ڕێککەوتنی کۆتایی و سەرتاسەری، فەرمانی نوێی خەرجکردنەکەی لەلایەن بەغدادەوە دەرنەکرێت.



‌ئێستا