×


کوردی      English
تۆڕی میدیایی ئێستا
تۆڕی میدیایی ئێستا

قوباد تاڵەبانی: من دوو برام هەیە ئەوانیش کاک بافڵ و کاک لاهورن

2020-05-31
قوباد تاڵەبانی لە کەمپینی هەڵبژاردنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
فۆتۆ: هەژماری تایبەتی قوباد تاڵەبانی لە فەیسبووک
ئێستا
ئێستا
ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، قوباد تاڵەبانی، کە هاوکاتیش جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانە، پەیامێکی سەبارەت بە ساڵیادی دامەزراندنی حزبەکەی بڵاوکردەوە و تێیدا وتی، "ئامانجم یەکێتیی ناو ڕیزەکانی یەکێتییە و با بۆ هەموو لایەک ڕوون بێت، من دوو برام هەیە ئەوانیش کاک بافڵ و کاک لاهورن". جەختی لەوەش کردەوە کە سیاسەت بە "کۆنەقین" ناکرێت.

قوباد تاڵەبانی لە پەیامەکەدا پیرۆزبایی ساڵیادی چلوپێنجەمینی دامەزراندنی یەکێتیی لە سەرکردایەتی و کادیر و ئەندامان و لاینگرانی حزبەکەی کرد.

لە پەیامەکەیدا، کە بە چەند خاڵێک دایڕشتووەتەوە و بەمەبەست ویستوویەتی جەختیان لەسەر بکاتەوە، وتی، "من وەک هەڤاڵێکی یەکێتی، ئامانجم یەکێتیی ناو ڕیزەکانی یەکێتییە، خۆشبەختانەش لە دوای یەکەم کۆنگرە...یەکێتی بەرەو ئەم یەکڕیزییە هەنگاو دەنێت"، ئەگەرچی بە وتەی قوباد تاڵەبانی "لە غیابی سەرۆک و ڕابەری حزبەکە مام جەلال ئەنجامدرا".




لە پەیامەکەشدا وتی، "با بۆ هەموو لایەک ڕوون بێت، کە من تەنها برایەکم نییە، بەڵکو دوو برام هەیە کە کاک بافڵ و کاک لاهورن".

لە خاڵێکی دیکە پەیامەکەیدا، ئەندامەکەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی تیشکی خستە سەر تەبایی ماڵی کوردی و وتی، "مێژوو پێمان دەڵێت ناتوانین هیچ دەستکەوتێک بۆ کوردستان بەدیبهێنین، ئەگەر لەناو ماڵی خۆماندا ناتەبا بین، بەڵام بەداخەوە ڕەنگە ئەو تەباییەی ئێستا بەپێی پێویست نەبێت".

"بەڕاشكاوی دەڵێم سیاسەت لەەسەر کۆنەقین ناکرێت. ئەگەر بمانەوێت حوکمڕانییەکی تەندروست بونیاد بنێین دەبێت دوور بکەوینەوە لە هەر هەنگاوێک کە ناکۆکی ‌و بێمتمانەیی دروست بکات".

قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەش کرد پێویستە متمانە لەنێوان لایەنە سیاسییەکانی بەشدار لە حکوومەت دروست ببێت، تاوەکو بتوانرێت "چاکسازیی بنەڕەتی ئەنجامبدرێت".



‌ئێستا