×


کوردی      English
تۆڕی میدیایی ئێستا
تۆڕی میدیایی ئێستا

لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە: نابێت لەگەڵ ئەمریکا سازش لەسەر سەروەری و بەرژەوەندیی عێراق بکرێت

2020-05-31
.
فۆتۆ: .
ئێستا - فورات نیوز
ئێستا
لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە، جەختی لەوە کردەوە کە دوو پرس هەن، لە دانوستانەکانی بەغداد و واشنتندا دانوستانیان لەسەر ناکەن، کە بڕیارە مانگی حوزەیرانی داهاتوو ئەنجامبدرێت. پرسەکانیش "سەروەری و بەرژوەندییەکانی عێراقن".

سەرۆکی لیژنەی پەرلەمانیی پەیوەندییەکانی دەرەوە، شێرکۆ میروەیس بە ئاژانسی فورات نیوزی وت، "گفتوگۆکانی نێوان ئەمریکا و عێراق نەخشەڕێگایەکە بۆ داڕشتنەوەی پەیوەندییە ستراتیجییەکانی نێوان دوو وڵاتەکەیە، ئێمەش وەک لیژنەیەکی پەرلەمانی، لەنزیکەوە چاودێری پێشهاتەکانی دانوستانەکان و پێکهاتەی شاندی دانوستانکار دەکەین".

جەختی لەوەش کردەوە کە ئەوەی گرنگە بۆ لیژنەکە، "سەروەری و بەرژوەندیی عێراقە کە لەسەروو هەموو شتێکەوە، هیواداریشین ڕێککەوتنەکەش یارمەتیدەر بێت لە گەڕاندنەوەی ئاسایش بەشێوەیەکی باشتر و بونیاتنانەوەی ژێرخانی ئابووری و ژیانیش بۆ عێراقییەکان باشتر بکات".

ڕوونیشی کردەوە کە ئاسایش و بەرژوەندیی عێراق بەرپرسیارێتیی هەمووانە و دەخوازێت "هەموو لایەنە سیاسییەکان هاریکار بن لەگەڵ حکوومەتی نوێ، چونکە ئەم ڕێککەوتنە و جگە لەمەش لەگەڵ وڵاتانی جیهان، تایبەتە بە بەرژەوەندییەکانی وڵاتمان و هەرکات واقعی بووین، ئەوا ژیانێکی باشتر بۆ نەوەکانمان فەراهەم دەکەین".

سەرنجی بۆ ئەوەش ڕاكێشا کە عێراق لە ئێستادا لە لایەنی سیاسی و ئەمنییەوە بە قۆناغیکی هەستیاردا تێدەپەڕێت، هەروەها "لەبەردەم گۆڕانکاریی گەورەدایە، لەبەر ئەوە دەبێت ئەم قۆناغە تێبپەڕێنین و وڵاتە ناوچەییەکانیش لا لە بەرژەوەندییەکانی عێراق بکەنەوە و بە هەندی وەربگرن".

پێشتریش سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، مایک پۆمپەیۆ تاوتوێی ئامادەکارییەکانیان بۆ دانوستانەکان کردبوو.

ڕاوێژکاری سەرۆکوەزیرانیش، عەبدولحسێن هەنین ئاماژەی بەوە کردبوو، "حکوومەتی عێراق نامەیەکی لەلایەن ئەمریکییەکانەوە پێگەیشتبوو، کە تێیدا گفتوگۆکانی مانگی حوزەیرانی خستبووە بەرباس".

ئاشكراشی کردبوو حکوومەت شاندەکەی عێراقی دەستنیشان کردووە، کە بریکاری وەزارەتی دەرەوە سەرۆکایەتی دەکات و پێکدێت لە نوێنەرانی سوپا، ئاسایشی نەتەوەیی، دەزگا هەواڵگرییەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان.



‌ئێستا