×


کوردی      English
تۆڕی میدیایی ئێستا
تۆڕی میدیایی ئێستا

ناوخۆی ئێران: نزیکەی 225 کەس لە خۆپیشاندانەکانی ساڵی ڕابردوو کوژراون

2020-05-31
وێنەی خۆپیشاندانەکانی نۆڤەمبەری ساڵی ڕابردوو لە ئێران
فۆتۆ: ڕادیۆ فاردا
ئێستا - ئیسنا
ئێستا
وەزیری ناوخۆی ئێران، عەبدولڕەزا ڕەحمانی فەزڵی، ئەمڕۆ یەکشەممە، مەزەندەی ئەوەی کرد لە خۆپیشاندانەکانی مانگی نۆڤەمبەری ساڵی ڕابردوودا، نزیکەی 225 کەس کوژراون.

بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی ئیسنا، عەبدولڕەزا فەزڵی لە بەرنامەی "نگاه یک" وتی، "لە خۆپیشاندانەکانی مانگی نۆڤەمبەری ساڵی ڕابردوودا، بە چەکەوە بەرەنگاری خەڵک نەبووینەتەوە، داواشم کردووە گیانی خەڵک بپارێزن".

بەڵام بە وتەی فەزڵی، "کاتێک خۆپیشاندەران هێرش دەکەنە سەر خاڵێکی پشکنین یان بنکەیەک، دەبێت بەرەنگاریان ببینەوە، چونکە ئەگەر پۆلیس بەرگری لە خۆی نەکات، ئەوا دەبێتە قوربانی".

ئاماژەی بەوەش کە "40 بۆ 45 کەس، کە دەکاتە لە سەدا 20ی کوژراوەکان، بە چەکی نایاسایی شەهیدکراون". ئەمەش واتای ئەوە دەگەیەنێت بە نزیکەیی ژمارەی مردووانی خۆپیشاندەران 225 کەس بووبێت.

ناوەڕاستی مانگی نۆڤەمبەر، خۆپیشاندان لە دەیان شاری ئێران، لەسەر بەرزکردنەوەی نرخی بەنزین سەریهەڵدا، لە چەندین شوێن و شاریش ڕووبەڕووبوونەوەی توند کەوتە نێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکان.

ڕۆژی 23ی دیسەمبەر، ئاژانسی ڕۆیتەرز بڵاویکردەوە کە هەندێک سەرچاوەی وەزارەتی ناوخۆ ئاماری مردووانیان بە 1500 کوژراو مەزەندە کردووە، کە تێیدا 17 گەنج و 400 ژن کوژراون.

بەپێی ڕاپۆرتی کەناڵی BBC، لە ماوەی چوار ڕۆژدا 200 کەس کوژراون و 3000 کەسیش بریندار بوون. لیژنەی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئاماژەی بەوە کردبوو کە دەیان کەس کوژراون، ڕێکخراوی لێبوردەی نێوەدەوڵەتیش باسی لەوە کردبوو کە بەلای کەمەوە 106 کوژراون.



‌ئێستا