×


کوردی      English
تۆڕی میدیایی ئێستا
تۆڕی میدیایی ئێستا

حکوومەتی هەرێم بڕیاریدا دیوانی چاودێریی دارایی وردبینی لە قەرزەکانی سەر هەرێم بکات

2020-05-31
کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان
فۆتۆ: ڕاگەیاندنی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان
ئێستا - هەولێر
ئێستا
بەڕێوەبەرایەتیی بەڕێوبردن و هەماهەنگیی قەرزی گشتیی سەربە ئەنجوومەنی وەزیران و وەزیرە پەیوەندیدارەکان، ئەمڕۆ یەکشەممە، بە سەرۆکایەتیی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی کۆبووەوە، بەمەبەستی تاوتوێکردنی قەرز و پابەندییە داراییەکانی سەر حکوومەتی هەرێمی کوردستان.

لە ڕاگەیەنراوێکدا کە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، هاتووە، "لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا، بەڕێوەبەرایەتیی بەڕێوبردن و هەماهەنگیی قەرزی گشتیی سەربە ئەنجوومەنی وەزیران، ڕاپۆرتێکی بەرفراونی بە خشتە و داتای پێویستەوە دەربارەی قەرز و پابەندییە داراییەکانی سەر حکوومەتی هەرێمی کوردستان خستەڕوو، کە لەلایەن وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان ئامادەکرابوو".

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە کە لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا ڕاپۆرتی تایبەتی قەرز و پابەندییە داراییەکان ئاڕاستەی دیوانی چاودێریی دارایی هەرێمی کوردستان بکرێت، وەکو لایەنی پەیوەندیدار بەمەبەستی وردبینی و پێداچوونەوە.

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان جەختی لەوەش کردووەتەوە کە "لەپاش وردبینیکردن، ڕاپۆرتی تایبەت بە قەرز و پابەندییە داراییەکانی هەرێمی کوردستان دەخرێتە بەردەم پەرلەمانی کوردستان و ڕای گشتی"



‌ئێستا