×


کوردی      English
تۆڕی میدیایی ئێستا
تۆڕی میدیایی ئێستا

پەرلەمانتارێکی سائیروون: ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق مردووە و محەممەد حەلبووسی لێی بەرپرسیارە

2020-05-31
محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق
فۆتۆ: ئەسۆشیەتد پرێس
ئێستا - سومریە نیوز
ئێستا
ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەسەر فراکسیۆنی هاوپەیمانیی سائیروون، جەمال فاخر، ئەمڕۆ یەکشەممە، ئەنجوومەنەکەی بە مردوویەک وەسفکرد لە سەرینی نەخۆشخانەدا بەجێهێڵدرابێت و بەرپرسیارێتیەکەشی خستە ئەستۆی سەرۆکی ئەنجوومەنە، محەممەد حەلبووسی.

جەمال فاخر لە لێدوانێکدا بۆ سۆمەریە نیوز، وتی، "سەرۆکی پەرلەمان بەرپرسیارێتیی تەواوەتی لەکارخستنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی لەسەرشانە، بەوپێیەی کردوویەتی بە مردوویەکی نەخۆشخانە".

وتیشی، "لەکارخستنی ئەنجوومەنەکە پێشێلکردنی یاسا و ڕەوایەتی و ئەخلاقە، شکاندنی ئەو سوێندەیە کە لەبەردەم خودا و گەل خواردوومانە، کە ببینە چاودێری پاراستنی گەلی عێراقی و خاک و ئاسمانی بین و ئەرکەکەمان بەدڵسۆزانە جێبەجێبکەین".

ئەندامەکەی ئەنجوومەنی نوێنەران باسی لەوە کرد کە عێراق بە قەیرانی ئەمنی و ئابووری و تەندروستیدا تێدەپەڕێت، "پێویستی بە کاری بەردەوام و چڕ هەیە بۆ دۆزینەوەی چارەسەری ئەو قەیرانانە".

داواشی لە هێزە سیاسییەکانی بەشدار لە پرۆسەی سیاسی کرد، دەستیان هەبێت لە چارەسەرکردنی ئەم بارودۆخەکە، کە فاخر بە "مەهزەلە"ی وەسفکرد.

جەمال فاخر ڕووی داواکەی کردە سەرۆککۆمار، بەرهەم ساڵح و سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی، کە "خێرا بکەن لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخەتە، چونکە پرۆسەی سیاسیی ئێستا ناتوانێت دەوڵەتی دامودەزگایی دابمەزرێنێت و خۆشگوزەرانی بۆ گەلی عێراق فەراهەمبکات".



‌ئێستا