×


کوردی      English
تۆڕی میدیایی ئێستا
تۆڕی میدیایی ئێستا

وەزارەتی پەروەردە سێ بڕیاری نوێی سەبارەت بە داخڵکردنی خوێندکارانی 12 ئامادەیی دەرکرد

2020-05-31
هۆڵێکی تاقیکردنەوەی وەزاری
فۆتۆ: .
ئێستا
ئێستا
وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ یەکشەممە، ڕایگەیاند خوێندکارانی دەرچوو و ئەوانەشی تاوەکو سێ وانە لە وەرزی یەکەم دەرنەچوون لە قۆناغی 12ی ئامادەیی، بە هەموو بەشەکانیەوە، داخڵی تاقیکردنەوە وەزارییەکان دەکرێن، سەرەڕای ئەژمارکردنی 10 نمرە بۆ سەرجەم خوێندکارەکان.

وەزارەتی پەروەردە لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد کە دوای "وەرگرتنی نوێترین هەڵسەنگاندنی ڕەوشەکە لەلایەن وەزارەتی تەندروستی، کە لە 30ی ئایاری ساڵی 2020 ئاڕاستەیان کراوە"، ژمارەیەک بڕیاریان داوە لەسەر چارەنووسی داخڵکردنی خوێندکاران لە تاقیکردنەوەی وەزاریی قۆناغی 12ی ئامادەیی.

لە نووسراوەکەدا چوار بڕیار دراوە، یەکەمیان داخڵکردنی خوێندکارانی قۆناغی 12ـە؛ ئەوانەی دەرچوون و ئەوانەشی تاوەکو سێ وانە لە وەرزی یەکەم دەرنەچوون.

بڕیاری دووەم، لەسەر پێدانی 10 نمرەیە بە خوێندکاران، کە بخرێتە سەر نمرەی وەرزی یەکەمیان، "هەروەها نمرەکە پاش ئەنجامدانی تاقیکردنەوەی وەرزی دووەمیش دەگرێتەوە".

لە بڕیاری سێیەمدا، ئاماژە بەوە کراوە کە دوای ئەژمارکردنی 10 نمرەکە، ئەگەر خوێندکارێک لە سێ وانە زیاتر دەرنەچووبێت، دەبێت ڕۆژی 7ی حوزەیران تاقیکردنەوەی وەرزی دووەم ئەنجام بدات. سەرەڕای ئەوەی تاقیکردنەوەکان دەبێت بە گوێرەی ڕێنمایی تەندروستی بێت و خوێندکار بە بێ ماسک و دەستکێش ناتوانێت بەشداری تاقیکردنەوەکان بکات.

بڕیاری چوارەمیش تایبەتە بە تاقیکردنەوەی وەرزی دووەمی قۆناغی پێنجەمی پەیمانگا حکوومی و ناحکوومییەکان، کە بۆ 28ی حوزەیران دواخراوە.




‌ئێستا