×


کوردی      English
تۆڕی میدیایی ئێستا
تۆڕی میدیایی ئێستا

تەندروستیی هەرێم: ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا گەیشتە 575 حاڵەت

2020-05-29
کارمەندێکی تەندروستی لە کۆڵانێکدا پشکنینی کۆرۆنا بۆ پیاوێک دەکات، چەمچەماڵ
فۆتۆ: سەرتیپ عوسمان
ئێستا - هەرێمی کوردستان
ئێستا
وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمشەو هەینی، ڕایگەیاند لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا 9 حاڵەتی نوێی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-19) لە هەرێمی کوردستان دەستنیشانکراون، بەمەش کۆی گشتیی حاڵەتەکانی پەتاکە گەیشتە 575 حاڵەت.

وەزارەتی تەندروستی لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە داوە کە "لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا هەزار و 147 پشکنین لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان ئەنجام دراون و دەرئەنجام 9 تووشبووی نوێ تۆمار کران: 2 لە هەولێر، 6 لە سلێمانی و 1 لە دهۆک".

وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕاشیگەیاندووە کە دوو تووشبووەکەی پارێزگای هەولێر لە شاری بەغداد گەڕاونەتەوە و دانیشووی عەنکاوە و ئیمپایەر سیتی-ن لە شاری هەولێر، هەروەها شەش تووشبووەکەی پارێزگای سلێمانی هەموویان دانیشتوونی ناو شارەکەن و تەنها یەکێکیان بەرکەوتووی تووشبووانی پێشووە و پێنج تووشبووەکەی دیکە نیشانەی نەخۆشیی کۆرۆنایان هەبووە. لەبارەی تووشبووەکەی دهۆکیشەوە ڕایگەیاندووە کە پیاوێکی تەمەن 36 ساڵی پاسەوانە لە فڕۆکەخانەی بە‌غداد و دانیشووی قەزای سێمێل-ە.

لەبارەی ژمارەی ئەو هاووڵاتییانەی لە کەرەنتینەکانی حکوومەتی هەرێمدا ماون، وەزارەتی تەندروستی ڕایگەیاندووە، "لە ئێستادا تەنها 784 هاووڵاتی لە 33 شوێنی جیاوازی کەرەنتین ماونەتەوە؛ 157 لە هەولێر، 36 لە سلێمانی، 591 لە دهۆك".

بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کۆی گشتیی تووشبووان بە پەتای کۆڤید-19 لە هەرێمی کوردستان 575 تووشبووە، لەنێویاندا پێنج حاڵەتی مردن و 409 حاڵەتی چاکبوونەوە هەن.

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا، وەزارەتی تەندروستی داوای لە هاووڵاتییان کردووە پابەندی ڕێنماییەکانی تەندروستی بن و دوور بکەونەوە لە شوێنی قەرەباڵغ، دەمامک ببەستن و دەستکێش لەدەست بکەن.



‌ئێستا