×


کوردی      English
تۆڕی میدیایی ئێستا
تۆڕی میدیایی ئێستا

مۆسکۆ: هەڵسوکەوتەکانی واشنتن زۆر مەترسیدار و پێشبینینەکراو بوونە

2020-05-29
ماریا زاخارۆڤا، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا
فۆتۆ: Maxim Blinov
ئێستا - ئاژانسەکان
ئێستا
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا، ماریا زاخارۆڤا، ئەمڕۆ هەینی، وتی کە هەڵسوکەوت و ڕێکارەکانی ئەمریکا لەبارەی کۆنترۆڵکردنی چەک زۆر مەترسیدار بوونە و قابیلی پێشبینیکردن نیین.

لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیی ئینتەرنێتیدا لە یانەی دیپلۆماسی لە مۆسکۆ، و لە وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەواناندا، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا، ماریا زاخارۆڤا ئاماژەی دا بە کشانەوەی ئەمریکا لە ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان، لەناویشیاندا ڕێککەوتننامەی ئەتۆمی، و بە هەنگاوێکی "زۆر نیگەرانکەر" و مایەی پشێویی لە بواری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان وەسفیکرد. جەختیشیکردەوە لەوەی "هەڵسوکەوتەکانی واشنتن زۆر مەترسیدار و پێشبینینەکراو بوونە".

زاخارۆڤا باسی لەوەش کرد کە کشانەوەی ئەمریکا لەو ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییانە زامنی سەقامگیریی ستراتیجی دەخاتە مەترسییەوە و وتی، "ئەمریکا تاکلایەنە و بە شێوەی نایاسایی لە ڕێککەوتننامەکان کشاوەتەوە، بەتایبەتیش ڕێککەوتننامەی ئەتۆمی".

وتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا باسی لەوەش کرد ئیدارەی ئەمریکا ڕایگەیاندووە کە ڕێککەوتننامەی ئەتۆمی چیدیکە کەڵکی نەماوە بۆیان [ئەمریکا] و ئەم گرێبەستە بە گونجاو نازانن.

ماریا زاخارۆڤا وتیشی، "ئێمە لەوبارەیەوە زۆر نیگەرانین، و ئەمە ڕەنگە بەرەو پشێوی، بەتایبەتی لە بواری ئاسایشی نێودەوڵەتی، سەربکێشێت".

ئیدارەی ئەمریکا بە سەرۆکایەتیی دۆناڵد ترەمپ لە مانگی ئایاری 2018، کشانەوەی تاکلایەنەی لە ڕێککەوتننامەی ئەتۆمی ڕاگەیاند و سزاکانی سەر ئێرانی دەستپێکردەوە.



‌ئێستا