×


کوردی      English
تۆڕی میدیایی ئێستا
تۆڕی میدیایی ئێستا

عێراق دوو ملیۆن تۆن گەنمی ناوخۆیی کڕیوە

2020-05-29
دروێنەی گەنم بە دەڕاسە، عێراق
فۆتۆ: Social Media
ئێستا - عێراق
ئێستا
کۆمپانیای گشتیی عێراق بۆ بازرگانیی گەنم، ئەمڕۆ هەینی، ڕایگەیاند کە لەگەڵ دەستپێکردنی وەرزی دروێنە لە 20ی نیسانەوە، زیاتر لە دوو ملیۆن تۆن گەنمی ناوخۆییان کڕیوە.

پێشتریش وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق وتبووی کە پێشبینی دەکەن لە وەرزی دروێنەی ئەمساڵدا، لەنێوان مانگەکانی نیسان و ئایار، ئاستی بەرهەمهێنانی ناوخۆیی گەنم و جۆ بگاتە شەش ملیۆن تۆن.

عێراق، کە سەرەکیترین هاوردەکاری گەنمە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە مانگی ئازاری پێشوو ڕایگەیاندبوو کە پێویستیان بە هاوردەکردنی یەک ملیۆن تۆن گەنم هەیە بۆ بەهێزکردنی یەدەگی گەنم لەمساڵدا، ئەوەش لەژێر ڕۆشنایی ترس لە کەمبوونەوەی ماددەکانی خۆراک بەهۆی پەتای کۆڤید-19 و ڕێکارەکانی بەرگریکردن لێی.

کۆمپانیاکە ئاماژەی بەوەش کردووە کە بەدرێژایی ساڵانی ڕابردوو، عێراق پشتی بە هاوردەکردنی گەنم و جۆ لە حکوومەتەکانی دەرەوە بەستووە، بەڵام لەم وەرزانەی دواییدا ئاستی بەرهەمهێنانی گەنم و جۆی ناوخۆیی زیادی کردووە.

شایانی بەبیرهێنانەوەیە کە لە مانگی نیساندا، ڕێکخراوی داعش ئاگری لە ڕووبەرێکی ئێجگار بەرفراوانی گەنم و جۆ لە پارێزگاکانی سەڵاحەدین و دیالە و نەینەوا و کەرکووک، بەردا. ئەوەش بە ئامانجی لێدان لە ئابووریی ناوخۆیی عێراق و نانەوەی پشێویی ئەمنی.



‌ئێستا