×


کوردی      English
تۆڕی میدیایی ئێستا
تۆڕی میدیایی ئێستا

کشتوکاڵی هەرێم: سووتاندنی گەنمی جووتیاران پرۆسەیەکی بەرنامە بۆداڕێژراوە

2020-05-29
سووتانی دەغڵودان و پووشوپەڵاش، چیای قەرەچووغ
فۆتۆ: Social Media
ئێستا - هەرێمی کوردستان
ئێستا
وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ هەینی، ڕایگەیاند کە سووتاندنی گەنمی جووتیاران لە مەخموورەوە بۆ خانەقین پرۆسەیەکی بەرنامە بۆداڕێژراوە و ساڵانە چەندبارە دەبێتەوە و ڕەنجیان بەهەدەر دەدرێت.

لە ڕاگەیەندراوێکدا کە کۆپییەکەی گەیشتووە بە تۆڕی میدیایی ئێستا، وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو ڕایگەیاندووە، "سەروماڵی جووتیارانمان لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم كەوتووەتە بەر ئاگری ڕق و كینە، سووتاندنی گەنمی جووتیارانمان لە مەخموورەوە بۆ خانەقین بە پرۆسەیەكی بەرنامە بۆداڕێژراو دەزانین، كە ساڵانە چەندبارە دەبێتەوە و ڕەنجی ئەو ساڵەیان بەهەدەر دەدرێت".

وەزارەتی کشتوکاڵ ئاماژەی بەوەش کردووە کە پێشتر داوایان لە وەزارەتی پێشمەرگە کردووە بەپێی گونجاویی شوێنەکان، سەروماڵی جووتیاران لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بپارێزن.

هەروەها ئەوەش خراوەتەوە ڕوو کە بەڕێوەبەرایەتییەكانی وەزارەتی كشتوكاڵی هەرێم داوایان لە یەكە ئیدارییەكانی ئەو ناوچانە كردووە ڕێكاری پێویست بگرنەبەر بۆ پاراستنی گیان و ماڵی جووتیاران.

هەروەها نوێنەری وەزارەتی کشتووکاڵی هەرێم لەگەڵ وەزارەتی كشتوكاڵی حكوومەتی عێراقی فیدراڵ داوای كردووە دەغڵودانی جووتیاران لەو ناوچانە بپارێزرێت.

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، "داوا لە وەزارەتی کشتوکاڵی حکوومەتی عێراق و ئیدارەی پارێزگای كەركووك و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم دەکەین و بەرپرسیارێتیی پاراستنی سەروماڵی جووتیارانیان لەو ناوچانە لە ئەستۆدایە، لەگەڵ قەرەبووکردنەوەى زيانەکان".



‌ئێستا