×


کوردی      English
تۆڕی میدیایی ئێستا
تۆڕی میدیایی ئێستا

پەرلەمانی عێراق: ناوەڕاستی حوزەیران دانوستانی بەغداد و واشنتن دەستپێدەکات

2020-05-29
ئاڵای ئەمریکا و عێراق
فۆتۆ: باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغداد
ئێستا - واع
ئێستا
لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەمڕۆ هەینی، جەختیکردەوە لەوەی گفتوگۆی ستراتیجی لەگەڵ ئەمریکا، لە ناوەڕاستی مانگی حوزەیراندا دەستپێدەکات. ڕاوێژکاری سەرۆکوەزیرانی ئاماژەی بەوە کرد کە بریکاری وەزارەتی دەرەوە سەرۆکایەتیی شاندەکە دەکات.

ئەندامی لیژنەی پەرلەمانیی ئاسایش و بەرگری، کاتع ڕیکابی لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی، وتی، "ڕێککەوتن هەیە لەسەر ئەوەی گفتوگۆی ستراتیجیی نێوان بەغداد و واشنتن لە ناوەڕاستی مانگی داهاتوودا دەستپێبکرێت، بەڵام حکوومەت هیچ هەواڵێکی لەو بارەوە نەداوە، بەتایبەتی هۆکارەکەشی ئەوەیە کە تا ئێستا هیچ کەسێکی بۆ پۆستی وەزیری دەرەوە دەستنیشان نەکردووە تاوەکو سەرۆکایەتیی دانوستانەکان لەگەڵ لایەنی ئەمریکی بکات".

ڕیکابی داواشی لە حکوومەت کرد بەخێرایی کابینە وەزارییەکەی پڕ بکاتەوە، بۆ ئەوەی بۆ ئەم دانوستانانە ئامادەبن.

ئاماژەی بەوەش کرد، "ئەمریکا داوای لە حکوومەتی پێشوو کردبوو کە دانوستان بکەن، هەروەها لە خاڵی سفریشەوە دەستپێدەکەنەوە، بەوپێیەی لە ئێستادا ڕێککەوتنی "چوارچێوەی ستراتیجیی" نێوان دوو حکوومەتەکە لەئارادایە و هێشتاش کارایە".

سەرنجی بۆ ئەوەش ڕاکێشا کە دانوستانەکانی ئەمریکا و عێراق لە ساڵی 2008ـەوە دەستی پێکردووە و دوو ڕێککەوتن لێوەی سەریانهەڵداوە، ئەوانیش ڕێککەوتنی چوارچێوەی ستراتیجی و چوونەدەرەوەی هێزە ئەمریکییەکانە".

جەختی لەوەش کردەوە کە ڕێککەوتن لەنێوان وەزارەتەکانی هەردوولا هەیە، "هەر ئەم ڕێککەوتنانەش دەبنە خاڵی دەستپێکی دانوستانەکان، لەپێناو تەواوکردنی پابەندییەکانی واشنتن و بەغداد".

پێشتریش سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، مایک پۆمپەیۆ تاوتوێی ئامادەکارییەکانیان بۆ دانوستانەکان کردبوو.

ڕاوێژکاری سەرۆکوەزیرانیش، عەبدولحسێن هەنین ئاماژەی بەوە کردبوو، "حکوومەتی عێراق نامەیەکی لەلایەن ئەمریکییەکانەوە پێگەیشتبوو، کە تێیدا گفتوگۆکانی مانگی حوزەیرانی خستبووە بەرباس".

ئاشكراشی کردبوو حکوومەت شاندەکەی عێراقی دەستنیشان کردووە، کە بریکاری وەزارەتی دەرەوە سەرۆکایەتی دەکات و پێکدێت لە نوێنەرانی سوپا، ئاسایشی نەتەوەیی، دەزگا هەواڵگرییەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان.



‌ئێستا