×


کوردی      English
تۆڕی میدیایی ئێستا
تۆڕی میدیایی ئێستا

تەندروستیی هەرێم: لە 24 کاتژمێری ڕابردوودا 15 حاڵەتی کۆرۆنا دەستنیشانکراون

2020-05-23
دەرمانخانە لە سەردەمی کۆرۆنادا، سلێمانی
فۆتۆ: سەرتیپ عوسمان
ئێستا - هەرێمی کوردستان
ئێستا
وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمشەو شەممە، ڕایگەیاند کە لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا 791 پشکنینیان لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان ئەنجامداوە و دەرئەنجام 15 تووشبووی نوێی پەتای کۆڤید-19 دەستنیشانکراون.

لە ڕاگەیەندراوێکدا کە لە پەیجی فەرمیی خۆی لە فەیسبوک بڵاویکردووەتەوە، وەزارەتی تەندروستی ڕایگەیاندووە کە لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا 791 پشکنینیان لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان ئەنجامدراون؛ 313 لە هەولێر، 220 لە سلێمانی و 258 لە دهۆک. دەرئەنجام 15 تووشبووی نوێی ڤایرۆسەکە تۆمارکران؛ 1 لە هەولێر، 8 لە سلێمانی و 6 لە دهۆک.

لەبارەی ژمارەی ئەو هاووڵاتییانەی لە کەرەنتینەکانی حکوومەتی هەرێمدان، وەزارەتی تەندروستی ئاشکرایکردووە کە لە ئێستادا 959 کەس لە کەرەنتینەکاندا ماون؛ 354 لە هەولێر، 175 لە سلێمانی و 430 لە دهۆک.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو کە لە سەرەتای سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان تاکو ئێستا، 66 هەزار و 265 پشکنین تایبەت بە ڤایرۆسەکە ئەنجامدراون.

بەپێی ئامار و ڕاگەیەندراوەکانی وەزارەتی تەندروستی، تاکو ئێستا 476 کەس لە هەرێمی کوردستان تووشی پەتای کۆڤید-19 بوون، لەو ژمارەیەش پێنج حاڵەتی مردن و 386 حاڵەتی چاکبوونەوە هەن. هەروەها لە ئێستادا تەنها 85 نەخۆشی کۆرۆنا لەژێر چاودێریی پزیشکدان.



‌ئێستا