×


کوردی      English
تۆڕی میدیایی ئێستا
تۆڕی میدیایی ئێستا

عێراق بۆ سعودیە: پێویستمان بە پاڵپشتیی دارایی بەپەلە هەیە

2020-05-23
کۆبوونەوەی شاندی عێراق لەگەڵ وەزیری دارایی سعودیە
فۆتۆ: هەژماری فەرمیی باڵیۆزخانەی عێراق لە ڕیاز
ئێستا - شرق الاوسط
ئێستا
شاندێکی عێراق بە سەرۆکایەتیی وەزیری دارایی و بەوەکالەتی نەوتی عێراق، عەلی عەبدولئەمیر عەللاوی، دوێنێ هەینی، سەردانی ڕیازی کرد و لەگەڵ وەزیری وزە، عەبدولعەزیز بن سەلمان، وەزیری دارایی محەممەد عەبدوڵلا جەدعان و وەزیری بازرگانی، ماجد بن عەبدوڵلا بن عوسمان قەسەبی کەوت. لە کۆبوونەوەکانیاندا سێ تەوەریان باسکردووە و گرنگترینیان پاڵپشتیکردنی بەپەلەی سعودیە بووە بۆ حکوومەتی عێراق.

عەلی عەللاوی لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ڕۆژنامەی شەرقولئەوست، وتی، "مەبەست لە سەردانەکەی سعودیە، سێ تەوەر بووە و ئامانج لێیان پەرەدانە بە پەیوەندییەکانی عێراق و سعودیە".

تەوەرەکانیش بریتین لە، "پاڵپشتیکردنی دارایی بەپەلە بۆ بودجەی عێراق؛ هاندانی کۆمپانیا و دامودەزگا سعودییە تایبەتەکان، بەتایبەتی لە بوارەکانی وزە و کشتوکاڵ، تاوەکو لەڕێی وەبەرهێنانەوە بچنە ناو بازاڕە عێراقییەکان؛ هەروەها چالاککردنی لایەنی بازرگانیی نێوان هەردوولا".

ئاماژەی بەوەش کرد، "عێراق پلانی هەیە بۆ هێنانەدیی هاوسەنگیی ئابووری و دارایی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، بەشێوەیەک بازاڕی عێراقی کراوە بێت بۆ هەمووان، بەبێ ئەوەی زیان بە هیچ لایەنێک بگەیەنرێت".

ڕوونیشی کردەوە، "حکوومەتی عێراق هەوڵ دەدات هانی کۆمپانیا سعودییەکان بدات بەشدار بن لە ئاوەدانکردنەوەی وڵاتەکەی".

ڕاشیگەیاند، "عێراق پێویستی بە پاڵپشتیی دارایی بەپەلە هەیە تاوەکو بتوانێت بەڵێنەکانی بەرانبەر فەرمانبەرانی بباتەسەر".

سەبارەت بە وەبەرهێنان و ئابووریی عێراق، عەلی عەللاوی ئاماژەی بەوە کرد کە بەربەستی زۆر هەن ڕێگرییان لە وەبەرهێنان لە عێراق کردووە، بەربەستەکانیش بریتین لە " یاسا و ڕێنماییەکانی ئێستا، لەدەستدانی پەیکەرەیەک وەبەرهێنانی بیانی بگرێتەخۆ، نەبوونی بانکی ئاستبەرز و سیستمێکی ژمێریاری و یاسایەک هانی وەبەرهێنان بدات، سەرەڕای ئەوەی سیستمی خاوەندارێتیکردنی زەوی هاندەر نییە".

ڕوونیشی کردەوە کە هەموو ئەم بەربەستانە ڕێگرن لەبەردەم وەبەرهێنی سعودی و وەبەرهێنی دیکەی بیانی، کە وەبەرهێنان لە بوارەکانی دیکەی دەرەوەی کێڵگە نەوتییەکان بکەن. وتیشی، "گرنگە ژینگەیەکی هەبێت هانی وەبەرهێنان بدات، ئەو یاسایانە بگۆڕێت و کێشە و بەربەستەکان چارەسەربکات".



‌ئێستا