×


کوردی      English
تۆڕی میدیایی ئێستا
تۆڕی میدیایی ئێستا

نیوزلاند.. ئەو ژنەی كۆرۆنا كردییەوە بە سەرۆكوەزیران

2020-10-18
جاسینا ئەردێرن
فۆتۆ: google
ئێستا - جیهان
ئێستا
جاسینا ئەردێرن، لە هەڵبژاردنی نیوزلاند-دا سەركەوتنی بەدەستهێنا و بۆ جاری دووەم دەبێتەوە بە سەرۆكوەزیران.

پارتەكەی "ئەردێرن" ڕێژەی 49.1%ی دەنگەكانی بردەوە، بەوەش دەتوانێت زۆرینەی ڕەهای پەرلەمان مسۆگەر بكات و جارێكی تر پۆستی سەرۆكوەزیران بەدەستبهێنێت، هەر بۆیە ئەو ژنە تەمەن 40 ساڵە دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردن، بەڵێنی دا چاكسازی بكات.



ڕەخنەگرانی جاسینا ئەردێرن، ئەو پرسیارەی ڕوبەڕوودەكەنەوە كە "بۆچی لە خوولی یەكەمی سەرۆكوەزیرانییەكەیدا چاكسازیی پێویستی نەكرد؟" ئەویش لە وەڵامدا وتی، "قایلكردنی پارتە بچووكەكان، ڕێگربوو لەوەی ئەو چاكسازییانە بكەم كە دەبوو ئەنجامیان بدەم، بەڵام ئێستا زەمینەكە سازە بۆ ئەنجامدانی چاكسازییەكان."

سەرۆكوەزیرانی نیوزلاند جەختیكردەوە ئەو سەركەوتنە گەورەیەی "پارتی كار" كە یەكەم سەركەوتنی لەو شێوەیەیە لە ساڵی 1946ـەوە، واتای ئەوەیە كە ژمارەیەكی زیاتری دەنگدەر پشتیوانی لە پارتەكەی و كارنامەی چاكسازییەكەی دەكەن.



جاسینا ئەردێرن ساڵی 2017 وەك سەرۆكوەزیرانی نیوزلاند هەڵبژێردرا، بە "ژنە سەرۆكوەزیرانە خۆشەویستەكە" ناوبانگی ڕۆیشتووە، چونكە لە ماوەی فەرمانڕەواییەكەیدا، نیوزلاند ڕوبەڕووی چوار قەیرانی گەورە بووەتەوە، ئەوانیش دوو هێرشە تیرۆریستییە خوێناوییەكەی سەر دوو مزگەوتەكە كە بەهۆیانەوە 49 كەس كوژران و دەیانی تر برینداربوون، گڕكانێكی گەورەی كوژەر كە دەیان كەسی كردە قوربانی، توندترین داكشانی ئابوری لە ماوەی 30 ساڵدا، سەرباری بڵاوبوونەوەی پەتای كۆرۆنا، كە سەركەوتنی جاسینا ئەردێرن لە مامەڵەكردن لەگەڵ لێكەوتەكانی ئەو قەیرانانەدا، بە تایبەت پەتای كۆرۆنا، وایكردووە گەلەكەی پشتیوانی بكەن و دووبارە متمانەی پێبدەن.



ژمارەی دانیشتووانی نیوزلاند پێنج ملیۆن كەسن، تا ئێستا تەنها 25 كەس لەو وڵاتەدا بە كۆرۆنا مردوون، هۆكاری كەمیی قوربانییەكانیش دەگەڕێندرێتەوە بۆ سەركەوتوویی ستراتیژی حكومەت لە ڕوبەڕوبوونەوەی پەتاكە دا، تەنانەت ڕێكخراوی تەندروستیی جیهانی دانی بەوەدا ناوە و پێشوازی لە ستراتیژەكەی نیوزلاند كردووە.







‌ئێستا