×


کوردی      English
تۆڕی میدیایی ئێستا
تۆڕی میدیایی ئێستا

لەنێو ئاڵۆزییەكانی عێراق كازمی سەرۆكایەتیی شاندێك دەكات بۆ ئەوروپا

2020-10-18
كازمی لەكاتی سەرقاڵی كاردا
فۆتۆ: نوسینگەی سەرۆكوەزیرانی عێراق
ئێستا - عێراق
ئێستا
بانكی ناوەندیی عێراق ئاشكرایكرد، پارێزگاری بانكەكە ئەندامێكی ئەو شاندەی حكومەتی عێراق دەبێت كە بە سەرۆكایەتیی كازمی بڕیارە بچێتە ئەوروپا و بەرنامەی كاری شاندەكەش ئاشكرا دەكات.

لە ڕاگەیەندراوێكدا، نوسینگەی ڕاگەیاندنی بانكی ناوەندیی عێراق ئەمڕۆ یەكشەممە 18ی تشرینی یەكەم ئاشكرایكردووە، "مستەفا غالب، پارێزگاری بانكی ناوەندیی عێراق لەنێو ئەو شاندە باڵایەی حكومەتی عێراق دەبێت كە بڕیارە بە سەرۆكایەتیی مستەفا كازمی، سەرۆكوەزیران بچێتە فەڕەنسا و ئەلمانیا و بەریتانیا".

سەبارەت بە بەرنامەی كاری ئەو شاندە، ڕاگەیەندراوەكەی بانكی ناوەندی ئاشكرایكردووە، لەو سەردانەدا كە چوار ڕۆژ دەخایەنێت زۆر پرس تاووتوێ دەكرێن گرنگترینیان دەركردنی ناوی عێراق لە لیستی ئەو وڵاتانەی كە مەترسیدارن لەڕووی تیرۆر و سپیكردنەوەی پارە، لەگەڵ گەشەپێدانی پەیوەندییە بانكییەكان و وەبەرهێنانی دارایی لەنێوان عێراق و وڵاتانی ئەوروپا".

پێشتر سەرچاوە حكومییەكان بە میدیا عێراقییەكانیان ڕاگەیاندبوو، كازمی سەرۆكایەتیی شاندێكی حكومی دەكات بۆ ئەوروپا و بڕیارە سەردانی لەندەن و پاریس و بەرلین بكات و چەند ڕێككەوتنێك لەبوار جیاوازەكان واژوو بكات.



‌ئێستا