×


کوردی      English
تۆڕی میدیایی ئێستا
تۆڕی میدیایی ئێستا

فەتح: ئاڵای كوردستان ڕێزلێگیراوە و سوتاندنی قابیلی قبوڵ نییە

2020-10-17
وتەبێژی هاوپەیمانیی فەتح
فۆتۆ: Google
ئێستا - عێراق
ئێستا
هاوپەیمانیی فەتح-ی هادی عامری ڕایگەیاند، سوتاندنی بارەگای پارتی دیموكراتی كوردستان لای ئەوان كارێكی ڕەتكراوەیە و ئاڵای كوردستانیش ڕێزلێگیراوە.

ئەحمەد ئەسەدی، وتەبێژی هاوپەیمانیی فەتح كە لەلایەن هادی عامری-یەوە سەركردایەتی دەكرێت ڕایگەیاندووە، "سوتاندنی بارەگای پارتی دیموكراتی كوردستان لای ئێمە ڕەتكراوەیە، ئاڵای كوردستان ڕێزلێگیراوە و بەهەموو جۆرێك دەستدرێژی بۆ سەری ڕەت دەكەینەوە، چونكە سمبوڵی هەرێمی كوردستانە".

وتەبێژەكەی فەتح ئەوەشی خستوەتەڕوو، "ڕاگەیەندراوەكەی حەشدی شەعبی ئاماژەی بەوەكردووە، سەرجەم بارەگاكانی حزبەكان ڕێزلێگیراون، هەروەها هەرێمی كوردستانیش بەشێكە لە گەلی عێراق و ڕێز لە ڕاگەیاندن و سمبوڵ و كەسایەتییە سیاسی و گروپەكانیان دەگرین".

لە كۆتایی وتەكانیدا، ئەحمەد ئەسەدی ئەوەی ڕاگەیاندووە، "دەستدرێژ و سوتاندنی ئاڵای كوردستان سەركۆنە دەكەین، ئەوە كارێكی كەسییە و جێی قبوڵ نییە".

فەتح یەكێك بوو لەو لایەنانەی بە تەواوی وتەكانی هۆشیار زێباری ڕەت كردەوە كە دژ بە حەشدی شەعبی كردبوونی، پێشتریش داوایان لەو ئەندامەی مەكتەبی سیاسیی پارتی كرد "داوای لێبوردن لە حەشدی شەعبی بكات".



‌ئێستا